لە دۆخێکی نامۆدا پارێزگای واست دوو پارێزگاری هەیە، یەکێکیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رێی لێگیراوە کارەکانی راپەڕێنێت و ئەوی دیکەیان رێپێدراوە.
محەمەد جەمیل مەیاحی پارێزگاری فەرمی پارێزگای واست لە ئێستادا لە بەغدا چارەسەر وەردەگرێت پاش ئەوەی توشی کۆرۆنا بووە و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رێگەی لێگیراوە لەناو باڵەخانەی پارێزگادا کارەکانی راپەڕێنێت، بۆیە نزیکەی ساڵێکە لە باڵەخانەیەکی دیکە لە دەرەوەی ئەو پارێزگایە کارەکانی رادەپەڕێنێت.
هاوکات، نەبیل شممە پارێزگاری هەڵبژێردراو و داوالێکراو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لەو رۆژەوەی دانراوە لەناو باڵەخانەی پارێزگا دەستبەکاربووە.
نەبیل شممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ خۆپیشاندەراندا رێکەوتووین لە پێناو خزمەتکردنی شارەکە کارەکانیان راپەڕێنن و پەیکەری یادەوەری ئازادی وەک مۆنۆمێنتی قوربانیانی شارەکە دروستدەکەن.