سەردێڕ:

٣٠ ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابان تێدەپەڕێت

فۆتۆ: 
2021-02-26

3300 جار خوێندراوەتەوە

٣٠ ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابان تێدەپەڕێت، کە گەورەترین گورزی سەربازی بەر سوپای عێراق کەوت و بە زەبری هێز ناچار کرا خاکی وڵاتی کوەیت جێبهێڵێت.


رۆژی ٢٦ی شوباتی ١٩٩١ سوپای عێراق لە کوەیت شکا و دوای ئەوەش گەمارۆیەکی ئابوری قورس خرایەسەر عێراق، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا بۆتە جێگای پرسیار، بۆچی سەدام حسێن ملکەچی ئەو هەڕەشە نێودەوڵەتییه نەبوو کە لەپێش و کاتی داگیرکردنی وڵاتی کوەیتدا لێی دەکرا؟

دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە نێودەوڵەتییەی ئەنجومەنی ئاسایشی، کە لە ١٥ى کانونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ کۆتایی پێهات، عێراق خرایە بەردەم بژاردەی روبەڕوبوونەوەی جەنگی سەربازی یاخود کشانەوە لە وڵاتی کوەیت.

دوای ئەوە هاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی لە ٣٠ وڵات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهات و ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیابانیان بە هێزێکی ٧٥٠ هەزار و زیاتر له سێ هەزار  و٥٠٠ زرێپۆش و نزیکەی دوو هەزار فڕۆکەى جەنگی ئەنجامدا، ئەوەش بۆ دەرکردنی سوپای عێراق لە کوەیت.

هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا و لە ٢٦ى شوباتی ١٩٩١ گورزە سەربازیەکه بوە هۆی تێشکاندن و پەرتەوازەکردنی هێزەکانی عیراق، کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠  تانکى سەربازی عێراق لەو جەنگدا تێشکا و نزیکەی ١٠ هەزار سەربازیش هەر لەو کاتەدا بەهۆی بۆردمانی فرۆکەکانی هاوپەیمانانەوە کوژران.

 

لە دوای داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە، کە بە هەڵەیەکی کوشندە دادەنرێت، ئابڵوقەیەکی گەورەی ئابوری بەسەر عێراقدا سەپێنرا، ئەو دۆخە بەردەوام بوو تا گەیشتە ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣.