سەردێڕ:

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە: سەرۆکی حکومەت پێش دادگا بڕیاری نەداوە

ناوهێنانی بادینان لەو دۆسیەیەدا هەوڵێکە بۆ بە سیاسی کردنی بابەتەکە
فۆتۆ: 
2021-02-26

4921 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ناوهێنانی بادینان لە دەستگیرکردنی چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێک هەوڵێکە بۆ بە سیاسی کردنی پرسەکە، دەشڵێت، "لەو دۆسییەیەدا سەرۆکی حکومەت پێش دادگا بڕیاری نەداوە."


زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاندووە، ناوهێنانی بادینان لە دەستگیرکردنی چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێک هەوڵێکە بۆ بە سیاسی کردنی پرسەکە، ئەگەر نا، لە سنورەکانی دیکەی کوردستانیش کۆمەڵێک دۆسیە هەن، کە گومان دەکرێت پێشێلی مافی مرۆڤیان تێداکرابێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێستاش هەندێک دۆسیە لە سنورەکانی دیکەی هەرێم هەن، کە ناڕوونن بۆ پەرلەمان و میدیاش، بەڵام ئێمە ئامانجمان پەرەپێدانە بەو سەقامگیریە سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەی لە هەرێم هەیە، نامانەوێت گرژی بکەوێتە شەقام."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، "باشترین رێگەش کاری پێکەوەییە با لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لێبگەڕێین دەسەڵاتە دەستوریەکانی تری کوردستان، کاری خۆیان بکەن و ئێمەش چاودێر بین بەسەریانەوە."

باسی لەوەشکردووە، "سەرۆکی حکومەت پێش دادگا بڕیاری نەداوە و دەسەڵاتەکان بۆ دادگا لێگەڕاین، بۆیە دووچاری ئەو رەخنانە بوون چونکە دەسەڵات بۆ دادگا گەڕایەوە و لایەنەکانی دیکە، دەستوەردان لەکاروباری دادگا دەکەن، کە ئەمەش پرسێکی تەواو پێچەوانەی یاسا و دەستورە."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش بڕیارەکەی دادگا لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە، لە ١٠ی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، "ئەو کەسانەى لە سنورى بادينان دەستگیرکراون، نە چالاکوانان و نە رۆژنامەنوسن، بەڵکو هەندێکیان سیخوڕبوون"، وتبووشی، "ئەو کەسانە سیخوڕییان بۆ وڵاتانى دیکە کردووە و تێکدەر و چەکداربوون."

دواتر و لە ١٦ی مانگدا، لە دادگای هەولێر دادگایی ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی ماددەی یەکی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر دەستگیرکراوەکاندا سەپێنرا، کە ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێکی نادادپەروەرانەی دەزانن و دەڵێن، پێشتر و لە دەرەوەی دادگا بڕیاری لەسەر دراوە.