سەردێڕ:

لە هەرێم هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارنەکرا

فۆتۆ: 
2021-02-26

5588 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە چەند هەفەتەیەکە، حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی ڕوو لە هەڵکشانە و ئەمڕۆش هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بەڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە.


بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا و لەپارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور (چوار هەزار و ١٣٢) کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەکاتێکدا لەماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا لە تەواوی هەر سێ پارێزگاکە و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان لە هەرێمی کوردستان (٢٠٢) کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی لەوەشکردووە، تەنیا ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق (١٤) کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان هیچ کەسێک بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، هەر چوار رۆژ لەمەوبەر، تەندروستی هەولێر رایگەیاند، ١٤ حاڵەتی توشبوون بە زنجیرەی نوێی کۆرۆنا، کە سەرجەمیان لە دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، تۆمارکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە لە شاری وهانی چین، تا ئێستا لە عێراق زیاتر لە ٦٨٨ هەزار و ٦٩٨ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار و ٣٦٥ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.