سەردێڕ:

کۆنگرێس لەهەوڵی ئەوەدایە رێکخراوی ئیخوان موسلیمین بخاتە لیستی تیرۆرەوە

فۆتۆ: 
2020-12-03

2721 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، پرۆژەیاسایەکی پێشکەش بە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد، کە داواکراوە رێکخراوی ئیخوان موسلیمین بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

تید کروز داوای لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردووە کەوا رێکخراوی ئیخوانییەکان بخرێتە لیتی تیرۆرەوە و لەو بارەوە رایگەیاند، ئەم رێکخراوە بەرپرسه لە پاڵپشتیکردنی تیرۆر لە رووی دارایی و میدیاییەوە.

کروز جەختیشی لەسەرئەوەکردەوە، دەبێت کاری زیاتر بکرێت دژ بەو گروپانەی کە پاڵپشتی دارایی ئەو رێکخراوە توندڕەوانە دەکەن و ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەری ئەو هەوڵەیە کە ئەمریکا گرتویەتیە بەر بۆ لەناوبردنی تیرۆر .

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا وتیشی، بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی عەرەبی رێکخراوی ئیخوان موسلیمانیان بە تیرۆریست هەژمارکردووە، چونکە پشێوی و توندوتیژی لەناوچەکە بڵاودەکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو دەستەی گەورە زانایانی سعودیە ئیخوانی بە گروپێکی تیرۆرست ناوبرد و رایگەیاند، ئیخوانەکان لەرێگەی ڕاست لایانداوە وتەمسیلی ئاینی ئیسلامیش ناکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا داوایەکی لەبارەی کارەساتی مرۆیی لە یەمەن ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە بەهۆی ئەوەی ئەگەری هەیە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کاربکەن بۆ وەستاندنی بەرنامەی هاوکاری مرۆیی بە بڕی ٧ سەد ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بڕیاری بە "تیرۆرست ناساندنی گروپی چەکداری حوسییەکان"ی یەمەن رابگەیەنێت.