سەردێڕ:

ئەمشەو شاندی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

فۆتۆ: 
2020-12-03

24737 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمشەو شاندی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئاواتی شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کۆدەبنەوە.

ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە ئەمشەو شاندی هەڕێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن و بڕیاریشە لەوێ لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کۆببنەوە.

باسی لەوەشكرد، شاندەکە بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بەشەبودجەی عێراقدا چوونەتە بەغدا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامانی شاندەکە ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارای و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا و عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێن.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارە کوردەکان، یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن)ی تێپەڕاند.

لە یاساکەدا هاتووە، کە هیچ هاوکارییەکی دارایی هەرێمی کوردستان ناکرێت ئەگەر بێت و نەوت و داهاتەکانی دیکە رادەست نەکات، بۆ ئەوەش، مەرجیان داناوە کە بڕی نەوتەکەی هەرێم دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ دیاری بکات.

لە مانگی ئابی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم و عێراق رێککەوتنێکیان کرد و تێیدا هاتبوو، کە بۆ ماوەی سێ مانگ حکومەتی فیدراڵی مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار دەنێرێت و بەوەش، هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و داهاتەکانی دیکەدا موچەی فەرمانبەرانی خۆی پێدابین دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق، دووجار ٣٢٠ ملیار دیناری بەشەبودجەی هەرێمی ناردووە.