سەردێڕ:

زیاتر لە ٩٠٠ چەکداری سەر بەتورکیا کە لە قەرەباغ بوون گەڕانەوە سوریا

فۆتۆ: 
2020-12-03

1140 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زیاتر لە ٩٠٠ چەکداری سەر بە تورکیا لە قەرەباغ، لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ گەڕاونەتەوە سوریا.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، کۆمەڵێک لە چەکدارە سوورییەکانی سەر بەتورکیا لە ئازەربایجان گەڕاوەنەتەوە بۆ سوریا، ئەمەش دوای ئەوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ هێشتنەوەیان شکستی هێنا و پاش ئەوەی حکومەتی ئازەربایجان رەتیکردەوە جارێکی تر لە ناوچەی ناگۆرۆنا - قەرەباغ جێگیریانبکاتەوە.

لە راپۆرتەکەی روانگەی سوریدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێنجشەمەی رابردوو کۆمەڵێکی تر لە چەکدارەکان گەڕاونەتەوە سوریا و پێشبینیش دەکرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا، چەند کۆمەڵەیەکی دیکە لە چەکدارانی سەر بەتورکیا لە ئازەرەبایجان؛ بگەڕێنەوە سوریا.

باس لەوەشکراوە، کە ئەو چەکدارانەی گەڕاونەتەوە بڕی ١٠ هەزار لیرەیان پێدەدرێت، لەرۆژانای داهاتووشدا، بڕێکی دیکە بۆ هەر چەکدارێک جەرجدەکرێت.

لەو بارەیەوە، رامی عەبدولرەحمان بەڕێوبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو چەکدارانەی کە دەگەڕێنەوە لە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەنقەرە لە باکوری سوریا، لە ناویشیاندا عەفرین، ئەل باب و جەرابلوس، جێگیردەکرێن.

لەماوەی رابردوودا، به‌هۆی ناكۆكی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر هه‌رێمی قه‌ره‌باغ، كه‌ ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمییه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌رمینیاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بردرێت، شه‌ڕ و پێكدادانی سه‌ربازی له‌نێوان هه‌ردوولادا روویدا.