سەردێڕ:

حزبی شیوعی راگەیاندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-12-03

1952 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە دامودەزگا ئەمنییەکان دەکەن، کە پارێزەری خۆپیشاندەران بن و دووربکەونەوە لەبەکارهێنانی توندوتیژی.

کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان راگەیاندراوێکی لەژێر ناونیشانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەمەدەنیەکان مافێکی رەوای خەڵکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، "دەرئەنجامی بەردەوام بوونی سیاسەتی ئابوری پیادەکراوی سەرمایەدارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی قەیرانی ئابوری و پێنەدانی موچە و نەبوونی هەلی کار بۆ کرێکاران و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەهەندوەرنەگرتنی ماف و داواکاری خەڵک بۆ ئازادی و ژیانێکی شایستە، ماوەی دوو ڕۆژە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی مامۆستایان و موچەخۆران و خەڵکی کرێکار و بەشمەینەت دەستی پێکردووەتەوە بۆ وەرگرتنی موچە لەکاتی خۆیدا و بەتەواوەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بێکاران و فراوان کردنی مەوداکانی ئازادی گشتی."

ئەوەش هاتووە، "بەتایبەتی لەناو شاری سلێمانیدا خۆپیشاندان بەردەوامی هەیە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام هەندێک لەهێزە ئەمنیەکان جگە لە رێگریکردن لەناڕەزایەتی خەڵکی، گازی فرمێسک رێژ و لێدان و تەقەکردنیان بەکارهێنا و بەوهۆیەوە دەیان خۆپیشاندەر و هاوڵاتی و تەنانەت پۆلیسش بەرکەوتەی گازەکە بوون و ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران دەستگیرکراون، دیارە ئەم کارانە پێچەوانەی بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیە و بە پێویستی دەزانین راشکاوانە ڕای خۆمان رابگەیەنین و ڕای گشتی لێ ئاگاداربکەینەوە."

حزبی شیوعی سێ خاڵی وەک ڕای حزبەکە خستووەتەڕوو و کە بریتین لەمانە:

١.خۆپیشاندان مافی رەوای هەموو هاوڵاتیانە و پشتگیری لەمافی رەوای موچەخۆر و خانەنشینان و کرێکاران دەکەین .

٢.داواکارین دەست بەجێ هەرچی خۆپیشاندەر و مامۆستایەک دەستگیرکراون ئازاد بکرێن.

٣.بانگەوازمان بۆ دامودەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە پارێزەری خۆپیشاندەران بن و دووربکەونەوە لەبەکارهێنانی توندوتیژی، چونکە چارەسەری ململانێ و کێشەکانی نێوان خەڵک و حکومەت بەهێز و زەبروزەنگ چارەسەر ناکرێت، خەڵکی چەندین ساڵە چاوەڕوانی جیبەجێکردنی مافەکانیەتی نەک زیندان وبێکارو بێ موچەیی.