سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: کێ ناڕازییە لەم دۆخە با بێتە سەر شەقام بە منیشەوە

فۆتۆ: 
2020-12-03

21034 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کێ ناڕازییە لەم دۆخە با بێتە سەر شەقام (بە منیشەوە)."

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامەکەیدا راشیگەیاندووە، "کێ ناڕازییە لەم دۆخە با بێتە سەر شەقام (بە منیشەوە)، کێش رازییە با لە ماڵەوە دابنیشێت و نەیەتە دەرەوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "خۆپیشاندانی خەڵکی ئاسایی بێ چەکە بۆ داوای مافی خۆیان، نەک هی حزبی سیاسی، سەرکەوتن هەر بۆ گەلە و روخان بۆ دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوسێنەرەکانە، جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەشێکی هاوڵاتیان و موچەخۆرانی هەرێم دژی دواکەوتنی موچەکانیان و لێبڕینی موچە و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار، بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەک لە چەند شارێکی جیاوازدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیشدا گرژی لە نێوان بەشێک لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.

ھەر لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا، چەند کەسێک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و ھێزە ئەمنییەکانەوە گازی فرمێسکرێژیان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێنا، لەوبارەیەشەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، کە لە خۆپیشاندانی هێمنانەی ئەمڕۆی شاری سلێمانیدا، ئەو هێزانە دوو ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکەیان و چەندین چالاکوان و مامۆستا و رێکخەری دیکەی خۆپیشاندانەکانیان دەستگیرکردووە.