سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: لەپای زیادکردنی دەنگەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت یەکێتی ساختەکاریی پارتی قبوڵکرد

فۆتۆ: 
2020-11-24

4250 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە کۆتا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەپای بەڵێنی پارتی بۆ زیادکردنی دەنگەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت، یەکێتی ساختەکارییەکی زۆری پارتی قبوڵکرد، دەشڵێت، مەسعود بارزانی بەنداوی بێخمەی وەک گەورەترین پرۆژەی ستراتیجی راگرتووە.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨دا پارتی بە ساختەکاریی کورسیەکانی خۆی لە ٣٠ کورسیەوە کردبوو بە ٤٥ کورسی و نوێنەرانی حزبەکانی دیکەش لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان قبوڵیان نەکردبوو، بەڵام لەبەرامبەر ئەو بەڵێنەی پارتی کە پێیدابوو، جێگری سەرۆکی حکومەت بە نوێنەرەکانی یەکێتی وتبوو، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان قبوڵبکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لەناو خۆیاندا جیاوازی فکری و سیاسی و ئیدارییان نییە، بەڵکو ناکۆکیان لەسەر پارە و ئەوەیە کێ چەندی دەستدەکەوێت و ئەو ناکۆکیانەش، کە پیشانی دەدەن تەنھا نمایشە.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاند، مەسعود بارزانی ماوەی ٣٠ ساڵە گەورەترین پرۆژەی ستراتیجی راگرتووە، کە بەنداوی بێخمەیە و ئەگەر دروستبکرایە ھەموو کێشەی کارەبای ھەرێمی چارەسەردەکرد.

باسی لەوەشکرد، ساڵانە حکومەتی ھەرێم زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەدات بە کۆمپانیاکانی سەر بە پارتی و یەکێتی بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، بەڵام ئەگەر ئەو بەنداوی بێخمەیە ھەبووایە ئێستا پارەمان بە کارەبا نەدەدا.

شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت، یەکێتی و پارتی ھیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجییان ئەنجام نەداوە، تاکە کارێک ئەوان کردبێتیان راکێشانی بۆری نەوتە، کە بە پارەی ھەرێم دروستکراوە بەڵام ئەویشیان فرۆشتووە بە کۆمپانیایەکی روسی و ئێستا کۆمپانیاکە پارە لە ھەرێم وەردەگرێت.

بۆ بینینی تەواوی بەرنامەکە لێرە کلیک بکە