سەردێڕ:

لە چەمچەماڵ دەستڕێژی گولـلە لە بنکەیەکی پۆلیسی هاتوچۆ کرا

فۆتۆ: 
2020-11-24

12888 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەری ھاتوچۆی چەمچەماڵ رایگەیاند، دەستڕێژی گولـلە لە بنکەیەکی هاتوچۆ کراوە و دەشڵێت، "تۆمەتبارەکە ناسراوەتەوە و فەرمانی گرتن بۆ خۆی و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆبێلەکەشی دەرکراوە."

عومەر علی بەڕێوبەری ھاتوچۆی قەزای چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئۆتۆبێلێک دەستڕێژی گولـلەی لەبینای بنکەی ھاتوچۆی بان مەقان کردووە و بەوهۆیەوە زیانی ماددی  بیناکە گەیشتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر رووداوەکە لەلایەن پۆلیسی ھاتوچۆی چەمچەماڵەوە سکاڵای یاسایی تۆمار کراوە

باسی لەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە ناسراوەتەوە و فەرمانی گرتن بۆ خۆی و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆبێلەکەشی دەرکراوە.

لەماوەی رابردووشدا، دەستڕێژی گولـلە لە دادگای چەمچەماڵ کرابوو، بەوهۆیەوە یەکێک لە ژوورەکانی دادگاکە سوتابوو، هاوکات، دەرکەوتبوو لە ئۆتۆمبێلێکی نیسانی بێ ژمارەوە تەقەکان کرابوو.

رزگار جەبار، چەمچەماڵ