سەردێڕ:

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: ئاوارەکان لە هەرێم و عێراقدا ئەشکەنجە دەدرێن

فۆتۆ: 
2020-11-24

1598 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکیدا، کە باس لە دۆخی ئاوارەکان لە تەواوی عێراق دەکات، رایگەیاندووە، بەپاساوی پەیوەندییان بە چەکدارانی داعشەوە، حکومەتی هەرێم و عێراق ئەشکەنجەی ئاوارەکان دەدەن، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمیش باس لەوەدەکات، "راپۆرتەکەدا لە زۆر رووەوە بێ بنەما و بەڵگەیە."

ئەمرۆ سێشەممە، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ھەولێر و بەغدا پێشێلکارییان بەرامبەر ئاوارەکان کردووە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و نادادپەروەرانە دەستگیریان دەکەن و دەشڵێت، "زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ئاوارەکاندا دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بۆ تۆمەتبارکردنەکانی ھەولێر و بەغدا رێکخراوەکەیان ئامادەیە بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە تۆمەتەکان بسەلمێنێت، کە هەزاران ئاوارە چۆن چەوسێنراونەتەوە و مافەکانیان پێشێلکراوە.

راپۆرتەکە لێدوانی ھاوڵاتییەکی تێدایە و ھاوڵاتییەکە دەڵێت، "دوای ئەوەی سێ ساڵ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش دەستگیکرابووم بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە ئازادکرام،" دەشڵێت، "لە عێراقدا هیچ شتێک ھێندەی ئەوە گەورە نییە، کە پێت بڵێن داعش، من هیوام بە ژیانێکی ئاسایی هەبوو بەڵام داعش بوون خاڵێکی سورە لەسەرم و رێگرە لەوەی بە ئاسایی بژیم."

لە راپۆرتەکەدا، نمونەی چاوپێکەوتنی لەکەمپەکانی، دیبەگە، حەسەن شامی دوو، حەسەن شامی سێ و کەمپی خازر لەسنوری پارێزگای هەولێر، کەمپی گەرماو لەپارێزگای دهۆک تیادایە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە کەمپەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نەکراوە.

ھاوکات، لەسنوری دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیش، کەمپەکانی نەمروود، سەلامییەی یەک و دوو، لەپارێزگای نەینەوا ئاماژەیان پێکراوە.

لە بەرامبەریشدا هەر ئەمڕۆ دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی راپۆرتەکەی دایەوە و باس لەوەدەکات، "بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان بە ماوەیەک رێکخراوی ناوبراو چەند پرسیار و تێبینییان پێڕاگەیاندبووین، ئێمەش وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، بەڵام لە دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە رێکخراوەکە بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیان بە وەڵامەکانی ئێمە نەکردووە."

ئاماژەیان بەوەشكردووە، "راپۆرتەکەدا لە زۆر رووەوە بێ بنەما و بەڵگەیە، چونکە پشتی بە وتەی چەند کەسێکی نادیار بەستووە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنەکە و کاتی ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان بکات کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن، ئاشکراشە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و بەشی زۆریان هاتنیان هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی داعش و دەزگا ئیدارییەکان چەند رێوشوێنێکی ئەمنیان گرتبووە بەر بۆ رێکخستنی هاتنی ئاوارەکان و نیشتەجێکردنیان."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جاری وا هەبووە لە رۆژێکدا زیاتر لە سێ هەزار کەس هاتوونەتە خاڵەکانی تەماس، هەندێک لە ئاوارەکان زانیاری نادروستیان بە دەزگا ئەمنییەکان داوە بۆ نمونە ناوی شوێنی راستەقینەی خۆیان نەداوە یان هەندێک کەس گومانلێکراو بوون نەک داواکراو، لەم حاڵەتانەدا پشت بە زانیاری هەواڵدەری نهێنی (مخبر سری) بەستراوە وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی زانیاری دوای ئەوەی لە زانیارییەکان دڵنیا دەبنەوە، بەڵام کەس بە پشت بەستن بە زانیاری نادروست دەستگیر نەکراوە ."

دەشڵێت، پێویستە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە باوکردنەوەی راپۆرتەکانیدا وردبێت و پشت بە زانیاری دروست ببەستێت.