سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: رۆژانی داهاتوو یەکلاکرەوەدەبێت بۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا

فۆتۆ: 
2020-11-24

1887 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دایە تورکیا لەبەردەوامبوونی لە سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و راشیگەیاند، رۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوەدەبن بۆ پەیوەنییەکانی نێوان برۆکسل و ئەنقەرە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بیتەر ستانۆ وتەبێژی فەرمی نوێنەرایەتی باڵا بۆ ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "برۆکسل هێشتا چاوەڕێی تێڕوانینەکردارییەکانی تورکیا دەکات بۆ وەستاندنی ئاڵۆزکردنی دۆخەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

راشیگەیاندووە، "لەسەر ئەم بنەمایە بەم نزیکانە دەبینین کە ئایا بەئاڕاستەی گفتوگۆی باش هەنگاودەنێین یان بژاردەی تر دەگرینەبەر".

لەو بارەیەشەوە، ئاژانسی هەواڵی ئاکی ئیتاڵی لە زاری ستانۆ ئەوەی خستووەتەڕوو، "رۆژانی داهاتوویەکلاکەرەوە دەبن."

ستانو ئاماژەی بەوەکردووە، کە لوتکەی ئەوروپی کە بڕیارە لە ١٠ و ١١ی کانونی یەکەم ببەسترێت، تیایدا وڵاتان و دامەزراوانی یەکێتی ئەوروپا هەڵسەنگاندن بۆ رەفتارەکانی تورکیا دەکەن و لە رێگەی ئەوەشەوە پەیوەندییەکانی نێوانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دادەڕێژنەوە.

لەلایەکی ترەوە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باڵیۆزەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیای بانگهێشتکردووە بۆ پێدانی روونکردنەوە لەسەر هەوڵی پشکنینی کەشتییە تورکیەکە لە رۆژەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، کە ئەوەش دوای ئەوە دێت، کەشتیەکی ئەڵمانی لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "ئیرینی" لە دەریای ناوەڕاستدا، کەشتیەکی تورکیایان پشکنیوە، کە گومانیان کردبوو چەک بۆ لیبیا بگوازێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی و لە ئاوەکانی سنوری یۆنان دەستیکرد بەگەڕان و پشکینین بۆ دۆزینەوەی گاز و نەوت، ئەم هەنگاوەش بووە هۆی نیگەرانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا.

هاوکات، دەستێوەردانی ئەو وڵاتە لە کێشەکانی لیبیا و ئازەربایجان پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ئاڵۆزتر کردووە.