سەردێڕ:

بزوتنەوەی رزگاریخوازی ئەحواز: سەرکردەیەکمان لەلایەن ئێرانەوە لە تورکیا رفێنراوە

فۆتۆ: 
2020-10-31

2058 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی رزگاریخوازی ئەحواز کە گروپێکی بەرهەڵستکاری حکومەتی تارانە باس لەوەدەکات، سەرکردەی پێشووی بزوتنەوەکەیان لە تورکیا لە لایەن هیزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێنراوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بزوتنەوەی رزگاریخوازی ئەحواز، ئێران لە رێگەی وڵاتێکی سێیەمەوە حەبیب فەرەجوڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسیوەد، سەرکردەی پێشووی بزوتنەوەکەیانی پەلکێشی تورکیا کردووە و لەوێ رفاندویەتی.

لەوبارەیەوە، کەناڵی عەرەبییەی سعودی بڵاویکردەوە، هەندێک پێیانوایە مەبەست لە وڵاتی سێیەم قەتەرە و هەندێکیش باس لەوەدەکەن تورکیا لە بەرامبەر رادەستکردنەوەی دوو سەرکردەی پەکەکە ئەو سەرکردە بەرهەڵستکارەی عەرەبەکانی ئێرانی رادەستی تاران کردووەتەوە.

هاوکات، تائێستا بەرپرسانی ئێران لە بارەی تۆمەتی رفاندنی ئەو سەرکردە عەرەبەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.

بزوتنەوەی رزگاریخوازی عەرەبی ئەحواز کە بە جوڵانەوەی نیزالیش ناسراوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە چالاکییەکانی دەستپێکردووە و ئامانجی جیاکردنەوەی پارێزگای خوزستانی عەرەبنشینە.

لە ساڵانی رابردوودا ئێران ژمارەیەک بەرهەڵستکاری خۆی لە وڵاتانی دراوسێ دەستگیرکردووە.

لەدوایین حاڵەتەکاندا لەمانگی تەموزی ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی ئێران جەمشید شارمەهد سەرکردەی گروپی توندەریان لەئیماراتەوە گەڕاندەوە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەیان و ساڵی رابردووش روحوڵا زەم رۆژنامەنوسی بەرهەڵستکاریان لە بەغدا گەڕاندەوە بۆ تاران و دواتر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاند.