سەردێڕ:

جەلال مەلەکشا؛ شاعیری کورد کۆچی دوایی کرد

فۆتۆ: 
2020-10-31

2387 جار خوێندراوەتەوە

نوسەر و شاعیری کورد جەلال مەلەکشا، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا و لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ، جەلال مەلەکشا، کە یەکێک بوو لە شاعیرە هاوچەرخەکانی کورد، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کۆچی دوایی کرد، کە نزیکەی ساڵێک بوو تەندروستی باش نەبوو.

جەلال مەلەکشا لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی مەلەکشا سەربە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، هەر لە سنە خوێندنی تەواو کردووە، لە منداڵییەوە خولیای شیعر و نوسین بووە.

دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا مەلەکشا لەبارەی سەرەتای نوسینی شعرەکانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، "نازانم چۆن بووم بە نووسەر و شاعیر، بەڵام لە قوتابخانە مامۆستاکان دڵسۆزبوون و هانیاندەداین بۆ کاری ئەدەبی، لەوکاتانەدا داڕشتنی باشم دەنووسی، پاشان لەناو خەڵکدا بووم بۆ خەڵکم دەنووسی دەرد و ئازار و رەنجی خەڵکم دەنوسی، شیعرم هاواری هەژاران و رەنجدەران و کەمدەرامەتان بوو."

ئەوەشی خستبووەڕوو، "یەکەم شیعرم کە بەکوردی نوسیم، خێرا چووەسەر زمانی خەڵک، بۆیە لەوکاتەوە بڕیارمدا کە شیعرێک نەنووسم کە نەبێتە ویردی سەر زمانی خەڵک، شیعرێک باشە و بەدڵەوە دەنوسێت کە خەیاڵ و وێنەی تێدا بێت."

مەلەکشا بە شاعیری ئاشتیخوازی نەتەوایەتی دادەنرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی باس لە زوڵم و زۆر و خەباتی کوردایەتی دەکات، کە بەهۆیەوە ئازاری زیندانی بینیوە. ئەو بە فارسی و کوردی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نوسیوە، بەشێک لە شیعرەکانیشی بۆ زمانی فارسی و ئینگلیزی و سویدی و چەند زمانێکی دیکە وەرگێڕدراون.

هەروەها لە بەشێک لە شیعرەکانیدا، مەلەکشا ڕەخنە لە شێوازی کاری حزبە کوردەییەکانی رۆژهەڵات دەگرێت و پێیان دەڵێت رێگەی تازە بدۆزنەوە بۆ کارکردن.