سەردێڕ:

هێرشێکی دیکەی چەکداریی لە فەڕەنسا روویدا

فۆتۆ: 
2020-10-31

9866 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە تەقە لە قەشەیەک کرا و بەهۆیەوە بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی فەڕەنسای راگەیاندووە، دەوروبەری کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لە شاری لیۆن تەقە  لە قەشەیەک کراوە و دوو فیشەکی پێوە نراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسەی تەقەی لە قەشەکە کردووە دوای بریندارکردنی هەڵهاتووە و لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان بە دوایدا دەگەڕێن.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، کە دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەیان لە هێرشە چەکدارییەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، کە لە رووداوەکەدا سێ کەس لە شاری نیسی باشوری فەڕەنسا کوژران.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ دەزگا ئەمنیەکانی فەڕەنسا رایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون لە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە هێرشە "کوشندە"کەی شاری نیس بەرزبووەتەوە بۆ پێنج کەس، کە سێ کەسیان فەڕەنسی و دوو کەسیان تونسی بوون.