سەردێڕ:

ماکرۆن: پاڵپشتی کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلامم نەکردووە

فۆتۆ: 
2020-10-31

9508 جار خوێندراوەتەوە

 سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، من پاڵپشتی کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلامم نەکردووە و لە هەستی مسوڵمانان تێدەگەم، خەڵکی بە هەڵە لەو بابەتە تێگەیەنراون.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاند، من پاڵپشتی کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری موسوڵمانانم نەکردووە و زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە لە هەستی مسوڵمانان تێدەگەم و خەڵک بەهەڵە تێگەیەنراوە لە بابەتەکە، دەشڵێت، "کاریکاتێرەکانی پێغەمبەری ئیسلام پرۆژەی حکومەت نەبوون و لەلایەن رۆژنامەیەکی ئازادی ناحکومیەوە بڵاوکراونەتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئایینی ئیسلام لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە شێوێنراوە، مسوڵمانانیش لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر زەرەرمەندن لەم شێواندنە."

هاوکات، هەر ئەمڕۆ لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان ماکرۆن بەڵێنی ئەوەی دا، کە بەردەوام دەبێت لە روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی لە فەرەنسا، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژین."

ئەم قسانەی ماکرۆن دوای ئەوە دێت، لە رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە لە شاری نیسی فەڕەنسا، کەسێکی بە رەگەز تونسی هێرشیکردە سەر کڵێسایەك و ژنێکی سەربڕی و دوو کەسی دیکەشی کوشت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام لە فەڕەنسا نمایش کرا، ئەوەش لای موسوڵمانان کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە سوکایەتی و بێڕێزیکردن بە ئایینی ئیسلام لە قەڵەمیاندا.