سەردێڕ:

روسیا هەواڵێکی لەبارەی ڤاکسینەکەیەوە رەتکردەوە

فۆتۆ: 
2020-10-29

6040 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی روسیا دەنگۆی راگرتنی تاقیکردنەوەکان لەسەر ڤاکسینی "Sptunik V" ی رەتکردەوە و رایگەیاند، "تاقیکردنەوەکان سەرکەوتووانە بەردەوامن".

ئەلێکس کوزێنتسۆڤ یاریدەدەری وەزارەتی تەندروستی روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پرۆسەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە بەردەوامە، جەختی لەوەشكردەوە، کە ٤٠ هەزار خۆبەخش بەشداری لە پرۆسەی تاقیکردنەوەی کۆتایی ڤاکسینەکەدا دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کە بەهۆی نەبوونی یەکەی ڤاکسینی پێویست بۆ ماوەیەکی کاتی پرۆسەی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی روسیا لەسەر خۆبەخشە نوێیەکان راگیراوە.

لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، روسیا یەکەم وڵات بوو کە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای راگەیاند.

چەند رۆژێک لەمەوبەریش، بەرپرسانی ڤاکسینە هاوبەشەکەی نێوان زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای ئەسترازینیکا رایانگەیاند، ڤاکسینەکەیان بە "شێوەیەکی نایاب" بەردەوامە لە تاقیکردنەوەکان و هاوکات، بە وردی و بە جۆرێکی هاوتەریب لەگەڵ رێنماییە جینییەکاندا دەڕوات کە تێیدا پرۆگرام کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسین بۆ کەسانێک کە لە حاڵەتی پێویستیدا بن بەردەست دەبێت، بەڵام بەردەستبوونی بەشێوەیەکی گشتی بۆ هەموو خەڵکی دەکەوێتە دەوروبەری بەهاری ٢٠٢١.