سەردێڕ:

ئەمریکا سزای بەسەر چەند کۆمپانیایەکی پەیوەست بە ئێراندا سەپاند

فۆتۆ: 
2020-10-29

1697 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر هەشت کۆمپانیادا سەپاند کە رۆڵیان هەبووە لە کڕین و فرۆشی کەرەستەی پیترۆکیمیایی لەگەڵ ئێراندا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کڕین و فرۆشتنی کەرەستە پیترۆکیمیاییەکان لەگەڵ ئێراندا سەرچاوەیەکی داراییە بۆ ئەو وڵاتە تا هاوکاری گروپە تیرۆریستییەکانی پێبکات و لەو چوارچێوەیەشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەشت کۆمپانیا دەخاتە لیستی سزاکانەوە کە رۆڵیان لەو بوارەدا هەبووە.

راشیگەیاندووە، "ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی ئەو سەرچاوانەی کە رژێمی ئێران بۆ پشتگیری دارایی گروپە تیرۆریستییەکان و فشارخستنەسەر هاوڵاتیانی خۆی سودیان لێدەبینێت".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندووە، دۆسیە لە دژی ئەو کەشتییە بارهەڵگرە ئێرانیانە دەکاتەوە کە سەر بە سوپای پاسدارانن و چەک و تفاقی سەربازییان بۆ حوسییەکانی یەمەن گواستووەتەوە.

دەشڵێت، وەکو بەڵگەی هاوپێچ لەگەڵ دۆسیەکەدا، ١٧١ دژەتانک، هەشت موشەکی زەمین بە ئاسمان و چەندین موشەکی جۆراوجۆری ئێرانی کە لە ئۆپراسیۆنی ئاسایی هێزی دەریایی ئەمریکادا دەستیان بەسەردا گیراوە رەوانە دەکات.

هاوکات، وەزارەتی دادی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، کە دۆسییەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بڕی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی کردووتەوە کە لە رێگای ئاویەوە ویستویەتی رەوانەی ڤەنزویلای بکات.

ئەمڕۆ وەزارەتی دادی ئەمریکا دۆسییەکانی رەوانەی دادگای فیدراڵی وڵاتەکەی کردووە و چاوەڕێدەکرێت ئێران بە زوویی لە دژی ئەو دوو دۆسیەیەش سزابدرێت.