سەردێڕ:

ئایا ترەمپ بەڵێنەکانی رابردووی جێبەجێکردووە؟

فۆتۆ: 
2020-10-29

2689 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە خۆی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، بەڵێنەکانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو رێککەوتنی عەرەب - ئیسرائیل، کشانەوە لە رێککەوتنی وزە لەگەڵ ئێران و رێککەوتنی پاریس، ئەنجامنەدانی شەڕ لەگەڵ وڵاتان و گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و لەناوبردنی داعش بردووەتەسەر، بەڵام هێشتا بەڵێنەکانی سەبارەت بە نەهێشتنی گەشتی مسوڵمانان بۆ ئەمریکا، کۆنتڕۆڵی کۆرۆنا و دروستکردنی دیواری مەکسیك نەبردووەتە سەر.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

بەڵێنەکانی سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بردووەتەسەر، ترەمپ بەڵینیدا کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بگوازێتەوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس). هەرچەندە هەندێک لە وڵاتان ئاگاداریانکردەوە کە یاساکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشێلدەکات و توندوتیژیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئەو بەڵێنەکەی بردەسەر.

هەر سەبارەت بە ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل و عەرەب بە گشتی، ترەمپ بەڵێنیدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، پەیوەندی نێوان بەشێکی دەوڵەتە عەرەبیەکان و ئیسڕائیلی ئاسایی کردەوە وەکو ئیماڕات، بەحرەین و سودان، هەرچەندە فەڵەستینیەکان لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنانەدا نەبوون. هاوکات ترەمپ بەڵێنیدابوو رێککەوتنی سەدە بچەسپێنێت لە نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلدا، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە نەکرا. لایەنگرانی پێیانوایە کە بەڵێنەکانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بردووەتەسەر.

کشانەوە لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان:

کاتێك ترەمپ هەڵبژێردرا بەڵێنیدا کە بە رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا بچێتەوە، شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ترەمپیان ئاگادارکردەوە لە کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، بەڵام ترەمپ لەو رێککەوتنە کشایەوە. ئیدارەی ترەمپ وا نیشانیدا کە ئەمریکا چیتر هەڕەشەیەك ناکات کە نەیباتەسەر. هاوکات کشانەوەی خۆشی لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس راگەیاند.

کۆتاییهێنان بە شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گەڕانەوەیان بۆ وڵات:

ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی خۆی لە ئەفغانستان و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کشاندەوە و لەو چوار ساڵەدا هێزی بۆ هیچ وڵاتێکی تر نەنارد، بەڵام شارەزایان پێیانوایە ئەمریکا هەندێكجار ریسکی کردووە و کردەی سەربازیی کردووە لە وڵاتاندا، بۆ نمونە لە کوشتنی ''قاسم سولەیمانی''دا، گرژی دروستکرد، ئەمە ریسکێك بوو بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ ئێران.

لەناوبردنی داعش:

ترەمپ بەڵێنی دابوو داعش لەناوبەرێت و ئەوەبوو ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و ئەو جوگرافیایەی داگیریان کردبوو نەما، خەلیفەکەشیان هەر بە دەستی ئەمریکیەکان کوژرا، شارەزایان پێیانوایە داعش هەرماوە و جارجار چالاکی ئەنجامدەدات لە ناوچەکەدا. بەگشتی تێکشکاندنی داعش خاڵێكی بەهێزی ترەمپە.

نەهێشتی هاتنی مسوڵمانان بۆ ناو ئەمریکا:

ترەمپ بەڵێنی ئەوەیدا کە نابێت مسوڵمانان بێنە ناو خاکی ئەمریکاوە. لیستێکی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە هاوڵاتیانیان ناتوانن گەشت بکەن بۆ وڵاتەکەی، بەڵام هەرچۆنێك بێت مسوڵمانانی هەندێک وڵات گەشتیان دەکرد، ترەمپ بەڵێنەکەی بە تەواوەتی نەبردەسەر.

بەهێزکردنی ئابووری ئەمریکا:

ترەمپ بەڵێنیدا کە ئابوری ئەمریکا بەهێز بکات، لە ماوەی سێ ساڵدا و پێش هاتنی کۆرۆنا، ئابووری ئەمریکا ٢.٩% گەشەیکرد، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا و لە ماوەی سێ ساڵدا ئابووری ئەمریکا بە ڕێژەی ٣.١% زیادیکردبوو، کەواتە بە بەراورد بە ترەمپ سەرکەوتوو نەبوو لە بەجێهێنانی بەڵێنەکەی.

کۆرۆنا:

ترەمپ بەڵێنی زۆریدا لەبارەی کۆرۆناوە وەکو هێنانی ملیۆنان ماسك، نەمانی کۆرۆنا لە هاویندا، بەرهەمهێنانی ڤاکسین لە تشرینی دووەمدا، سەرۆك نەیتوانی ئەو کارە بکات، لە سەرو هەموو بەڵێنەکانەوە خۆی تووشی ڤایرۆسەکە بوو.

دروستکردنی دیوارێك لەسەر سنوری مەکسیك:

ترەمپ بەڵێنیدا دیوارێك دروستبکات لەسەر سنوری مەکسێك بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی، چەندینجار جەختی کردبووەوە کە مەکسیك پێویستە خەرجی تێچوونی ئەو دیوارە بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا دیوارەکە بە تەواوی دروستنەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٣ی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هاوکات، هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٨ ملیۆن کەس دەنگیان داوە.