سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە: ٩٠٠ گوند قوتابخانەیان تێدایە و ئینتەرنێتیان نییە

فۆتۆ: 
2020-09-28

8950 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، نزیکەی٩٠٠ گوندی هەرێمدا قوتابخانە هەیە بەڵام هێڵی ئەنتەرنێتی تێدانییە، دەشڵێت،‌ رێگه‌ نادرێت مامۆستا و قوتابی به‌بێ ماسك بچنە ناو پۆله‌كانه‌وه.

سەیوان عەلی بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، سه‌رژمێری و لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌ و نزیكه‌ ٩٠٠ قوتابخانه‌یان هه‌یه‌ لە گوندەکاندا، كه‌ ئینته‌رنێتیان پێ نەگەیشتووە و وتوشیانە، ئەو خوێندنگایانە پێویستە دەوام بکەن و بچنەوە پۆلەکان و بەپێی ڕێکارە تەندروستییەکان دەوام بکەن، چونکە ژمارەی قوتابییان کەمە و هەر گوندێک نزیکەی ١٥ قوتابی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، نێوان هه‌ر قوتابیه‌ک بۆ قوتابیه‌ک به‌هه‌موو ئاراسته‌كان ده‌بێت مه‌تر و نیوێک به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دووربن له‌یه‌كتریه‌وه‌، دەشبێت هه‌موو قوتابی و مامۆستایەک ماسكی پێبێت.

باسی لەوەشکردووە، سوود لە مامۆستایانی قوناغەکانی دیکە دەبینن بۆ وانە وتنەوە بە پۆلەکانی یەک و دووی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی، دەشڵێت، لە کاتێکدا پۆلەکانی دیکە بە ئەلکترۆنی وانە دەخوێنن پۆلەکان چۆڵدەبن و ژمارەی خوێندکار لە پۆلێکدا کەمدەکەنەوە، هاوکات مامۆستاکانیش لەبری قۆناغەکانی دیکە وانە بەو پۆلانە دەڵێنەوە کە دەوام دەکەن.

ئاماژە بەوەشکردووە، حكومه‌ت پاره‌ی دابینكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو قوتابخانه‌ و پۆله‌كاندا گه‌رمی پێوهه‌بێت و گه‌رمی قوتابیه‌كان بگرێت پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو پۆله‌وه‌، دەشڵێت، حكومه‌ت ٥٤٠ ملیۆن دیناری داناوه‌ بۆ بابه‌تی گه‌رمی پێو و مادده‌ی پاكژكردنه‌وه‌ له‌ناو پۆله‌كاندا.