سەردێڕ:

دوایین زانیارییەکان لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

فۆتۆ: 
2020-09-28

13725 جار خوێندراوەتەوە

بەھۆی هێرشى گروپەچەکدارییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەنگۆیەکی زۆر لەبارەی کشانەوەی باڵیۆزخانەکە بۆ کونسوڵخانەی ھەولێر دروستبووە، بەڵام میدیا جیھانییەکان دەڵێن، ئەمریکا لەوبارەوە بڕیاری کۆتایی نەداوە.

میدیا جیھانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمریکا دەیەوێت ھێرش بکاتە سەر بنکە و بارەگای گروپەچەکدارییە شیعەکان ھەربۆیە ئەگەری ھەیە لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بکشێتەوە بۆ ھەولێر، ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئێستا ئیدارەی ترەمپ لەو بارەوە بڕیاری کۆتایی نەداوە.

باسیان لەوەشکردووە، ئەگەر ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بکشێنێتەوە ئەوا  چەند وڵاتێکی دیکەش باڵیۆزخانەکانیان دەکشێننەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەمریکا بە روونی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا دەکشێننەوە ئەگەر عێراق جڵەوی دۆخی ئەمنی لە ئەستۆنەگرێت و بەربەھێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەکەی نەگرێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەکرەم ئەلکەعبی ئەمینداری گشتی جوڵانەوەی نوجەبا لەعێراق رایگەیاندووە، چاوەڕێی ھەڵوێستی فەرمی ھەموو ھێزەکانیان دەکەن لەبارەی بوونی ئەو سەربازگەیەی کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی شاری بەغدا دایناوە و ناوی لێناوە باڵیۆزخانە و دەشڵێت، "باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووەتە ھۆکاری وێرانکردنی عێراق."

ھاوکات، قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەھەلی حەق چەند تۆمەتێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و لەو بڕوایەدابوو، لە ئێستادا بەرژەوەندی لە بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەکەدا نییە.

پێشتریش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندبوو، لە دوو رۆژی داھاتوودا زنجیرەیەک تاقیکردنەوە و ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی کتوپڕی تایبەت بە خۆیان ئەنجامدەدەن.

لەماوەی رابردوودا، چەند جارێک بە موشەکی کاتیۆشا ھێرشکرایە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو ناوچەیە.