سەردێڕ:

ماکرۆن رەخنە لە لایەنە سیاسییەکانی لوبنان دەگرێت

فۆتۆ: 
2020-09-28

1381 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی فەڕه‌نسا رایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسی لوبنان پابەندی بەڵێنەکانیان نین و نایانەوێت گۆڕانکاری بکرێت و دەشڵێت، "ئه‌و رێكنه‌كه‌وتنه‌ باجەکەی سەخت ده‌بێت."

ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ لوبنان ده‌گوزه‌رێت ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ هەندێك لایەنی سیاسی هه‌یه‌ پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان نین به‌رامبه‌ر به‌ فەڕه‌نسا و نایانه‌وێت گۆڕانكاری بكرێت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی وڵاته‌وه‌.

سەرۆکی فەڕەنسا ره‌خنه‌شی له‌ به‌رپرسانی لوبنان گرت کە له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و چاكسازیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و دەڵێت، "ئه‌و رێكنه‌كه‌وتنه‌ باجەکەی سەخت ده‌بێت."

ئەوەشی خستەڕوو، "به‌رپرسانی لوبنان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات پێ لەپێشتربووه‌، مانگێكیان له‌ ده‌ستداوه‌ و مه‌ترسییه‌كانیش زیاتر ده‌كه‌ن، به‌شێكیان ویستیان هێز و توانای خۆیان زیاتر بكه‌ن نه‌ک لوبنان و هه‌وڵیانداوه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت بكه‌ن به‌ كێشه‌یه‌كی تائیفی، به‌ڵام نه‌خشه‌ رێگای فەڕه‌نسا تاكه‌ بژارده‌ی به‌رده‌سته‌."

باسی لەوەشکرد، له‌ماوه‌ی ٢٠ رۆژی داهاتوودا، له‌گه‌ڵ گروپی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لوبنان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی داهاتوه‌وه‌ و له‌كۆتایی مانگی ١٢ی ئه‌مساڵیش، كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی رێكده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ی رێكخراوه‌كان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ هاوكاری پێشكه‌ش لوبنان بكرێت.

لە رۆژی ٣١ی ئابی ئەمساڵدا، سەرۆكی لوبنان دوای دەستلەكاركێشانەوەی حسان دیاب سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی کرد و مستەفا ئەدیبی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان كاندیدكرد، بەڵام لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە نەگەیشتنە رێكکەوتن و دوێنێش حسان دیاب دەستلەكاركێشانەوەی لە پێكهێنانی حكومەت راگەیاند.