سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی نوێترین زانیاری لەسەر کەیسی بەدەل بەرواری بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-27

6690 جار خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش لە دهۆک رایگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا دادگای تەمیز بڕیار لەسەر کەیسی بەدەل بەرواری دەدات و دەشڵێت، "بە تێڕوانینی ئێمە کەیسەکە دادەخرێت."

خەتاب عومەر سەرپەرشتیاری تۆڕی پارێزەرانی خۆبەخش لە دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بڕیاربوو رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە مامۆستا بەدەل بەرواری دادگای بکرێت، بەڵام ئەوان بڕیارەکەی دادگای لێکۆڵینەوەیان تەمیزکردووە و داوای داخستنی کەیسەکەیان کردووە."

ئەوەشی خستەڕوو، "لە دوو رۆژی داهاتوودا دادگای تەمیز بڕیار لەسەر ئەو کەیسە دەدات بە داخستن یان بەردەوامی دان بە کەیسەکە"، دەشڵێت، "ئەگەر خوێندنەوەیەکی تەواو بۆ ئەم بابەتە بکرێت، بە تێڕوانینی ئێمە ئەم کەیسە دادەخرێت، بەڵام لە ئێستادا کەیسەکە لە بەردەم خوێندنەوە و پێداچونەوەی دادوەراندایە."

هاوکات، ئاری بەدەل کوڕی مامۆستا بەدەل بەرواری بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بۆ ماوەی ٤١ رۆژە باوکم دەستگیرکراوە و لەوکاتەوە تائێستا تەنیا یەکجار رێگەمان دراوە لە زینداندا بیبینین."

باسی لەوەشکرد، "بۆ ماوەی نزیکەی ٢٠ رۆژ دەبێت رێگەمان نەدراوە باوکم ببینین."

ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن دادگا بەشێوازێکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەی باوکیدا بکات و ئازادبکرێت.

بۆ ماوەی ٤١ رۆژە مامۆستا بەدەل بەرواری چالاکوان و سەرۆکی کۆمەڵەی کوا پاشەکەوتی من لە دهۆک بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و هاندان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەستگیرکراوە، پێشتر دانیشتنێکی دادگایکردنی بەڕێوەچوو و دادگا بڕیاردریدا لەسەر کەیسی یەکەم بە کەفالەت ئازادبکرێت، بەڵام لەبەر کەیسی دووەم بڕیاردرا لە زینداندا بمێنێتەوە و تا ئێستاش لە زینداندایە.