سەردێڕ:

کوردستانی سور؛ یەکەم هەرێمی دانپێدانراو لە یەکێتی سۆڤیەت

فۆتۆ: 
2020-09-27

18490 جار خوێندراوەتەوە

"گەر بتەوێ مریشک پێبکەنێ، دەبێت ددانی بۆ دروستبکەیت" ئەمە ئەو قسەیەیە کە رووسەکان بەکاری دەهێنن کاتێک بیانەوێت لە شتێکی مەحاڵ و رێ تێنەچوو بدوێن.

پێشگرتن بەشەڕی بەردەوامی ئازەری و ئەرمەنەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت مەحاڵبوو، لەوکاتەدا بە بڕیاری یەکێتی سۆڤیەت لیژنەیەک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی کورد لەو ناوچەیە، ویستیان هەرێمێکی ناوبەند دروستبکەن، ئەو هەرێمە لە دوو رووەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت سوودی هەبوو:

یەکەم: دەبوو بە ناوبەنێک لە نێوان ئەرمەن و ئازەرییەکان و کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی ئەوانی دەهێنا.

دووەم: هەوڵێک بوو بۆ راکێشانی سۆزی کورد بە تایبەت لەوکاتەدا کە کوردەکان بەهۆی پەیمانی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ لە ئینگلیزەکان نزیک بووبوونەوە.

ساڵی ١٩٢٢ لیژنەک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی کورد لەو ناوچەیە، ویستیان لە کوردەکانی نیشتەجێی ئەوێ، یەکەیەکی کارگێڕی دروستبکەن لە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەیمەنەی خۆیان، لەوکاتەدا هەردوو ناوچەی کوردنشینی "جوانشێر" کە ناوەندەکەی کڵبەجاڕ بوو، لەگەڵ ناوچەی "زەنگەزوو" کەناوەندەکەی لاچین بوو، یەکیگرت، بە بڕیاری کۆمیتەی ١ی رێکخستنی  پارتی کۆمۆنیست، لە ٧/٧/١٩٢٣ لەسەر رووبەری پێنج هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە هەرێمێک دروستکرا و ناونرا" هەرێمی کوردستانی سور"  پێکدەهات لە ناوچەکانی:

( کەڵبەجاڕ، کەرەباخ، کوباتلی، زەنگلیان، کورتولی، پیتچەناس، ئاگابادیر، لاچین،  دەیجولان، دیلیجان، کەراکیش) پایتەختەکەی شاری "ئەبدالیار" بوو، دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ لاچین.

ساڵی ١٩٢٦ جارێکی تر ناوچەکە رێکخرایەوە بەو جۆرە (کەڵبەجاڕ، لاچین، زەنگلیان،  کوباتلی)، بەهۆی نەبوونی یەکەی ئیداریش و بەڕێوەبردن لە ناوچەی لاچین، زۆربەی بارەگاکانیان بردە "شوشێ".

بەپێی سەرژمێرییەکان ساڵی ١٩٢٦ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکە ٥١ هەزار و ٢٠٠ کەس بووە کە زیاتر لە ٤٢ هەزار لەو ژمارەیە کوردبوون.

دواتر لە رووی ئیدارییەوە هەندێ ناوچەی ئازەری خرایە سەر هەرێمەکە بە مەبەستی کەمکردنی رێژەی کورد لەو ناوچەیە، چونکە تا دەهات کوردەکان بەهێزتر دەبوون.

کوردستانی سور بە زمانی کرمانجی ژوور دەدوان و زمانی سەرەکی خوێندن لە خوێندنگاکانیاندا بە شێوەزاری کرمانجی بوو، لە پاڵ باوەڕی دەوڵەتدا، زۆربەی کوردەکانی ئەو ناوچەیە ئێزیدی بوون.

شێوازی نوسینی کوردەکان بە "ئەلف و بێ"ی کوردی لاتینی بوو کە ساڵی ١٩١٧ "عەرەب شامیلۆڤ ناسراو بە عەرەبی شەمۆ و ئیمارۆ کۆلۆڤ" دایاننابوو.

ساڵی ١٩٢٩ لەسەر داوای تورکیا ناوچەی"قەرەباخ" لە کورد سەندرایەوە و دابەشکرا بەسەر ئەرمەنی و ئازەرییەکان، کە ئەمە شەڕێکی خوێناوی بە دوای خۆیدا هێنا، ساڵی ١٩٢٩ ئەوکاتەی ستالین سەرۆکایەتی یەکێتی سۆڤیەتی دەکرد لە پێناو تێکنەچوونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئێران، بەناوی رێکخستن، هەرێمەکەی هەڵوەشاندەوە و کردی بە بەشێک لە ئازەرباینجان.

ساڵی ١٩٣٠ جارێکی تر کوردەکان سەریان هەڵدایەوە و هەرێمەکەیان بە ناوچەیەکی زۆر زیاترەوە دامەزراندەوە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە هەوڵدرا بە بەرنامە هەرێمەکە کۆتای پێبێت، بەشێک لە بەرنامەکە بریتیبوو لە:

یەکەم: کردنی کەسێکی ئازەری بە سەرۆکی هەرێمەکە بەناوی "حاجێڤ".

دووەم: راگواستنی کوردەکان لە هەندێک ناوچە و نیشتەجێکردنی ئازەرییەکان تێیدا.

سێیەم: لکاندنی ناوچەکان بە جۆرێک، لە هەر شوێنێک کورد زۆرینەبوو، ناوچەیەکی غەیرە کوردییان پێوە دەلکاند تا رێژەکەی کەمبکەنەوە.

چوارەم: کارکردن لەسەر پەرتکردنی کورد لەسەر بیر و باوەڕ، ئازەرییەکان کوردانی مسوڵمانیان لە خۆیان نزیکدەکردەوە، لە بەرامبەردا ئێزیدییەکان لە ئەرمەنیەکان نزیکبوونەوە.

کوردەکان لە ساڵی ١٩٣٠ توانیان لە بواری کلتور و خوێندن و رۆژنامەوانیدا بە بەراورد بە نەتەوەکانی تر، پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیانەوە ببینن، رۆژنامەی "رییا تازە" یان دەرکرد و رادیۆی "یەریڤان" کرایەوە و دەستی بە بەرنامەکانی خۆی کرد و لە پاڵ زمانەکانی تردا، زمانی کوردی بوونی هەبوو، کە بەرنامەی بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرد.

داوای ئەمە ستالین زۆر دڕندانە سیاسەتی پاکتاوی نەژادی بەرامبەر کوردەکان پەیڕەوکرد، لە داخستنی خوێندنگە و رۆژنامە تا رادیۆ و پاشان راگواستنی کورد لە ناوچەکانیان.

ساڵی ١٩٤٤ بە بڕیاری ستالین هەرچی کوردی ئەرمینیا و جۆرجیا هەبوو، بە زەبری هێز راگوێزران بۆ کازاخستان و ئۆزبەکستان، تەواوی پڕۆسەی راگواستنەکە بە "فارگۆن و شەمەندەفەری داخراو" بەڕێوەچوو، زۆرێک لە خەڵک لەناو شەمەندەفەری گواستنەوەی ئاژەڵدابوون، لەو کاتەدا بەشێکی زۆری منداڵی بچوک و پیرەکان مردن، لە وێستگەکانی شەمەندەفەردا بە بەفر دایان دەپۆشیین.

نادر نادیڤ وەک کەسێکی ناو شەمەندەفەری راگواستنەکە دەڵێت، یەکەم فاڕگۆنی راگواستنی کوردەکان ساڵی ١٩٣٧ بوو، دوای گەیشتنمان بە کازاخستان، خێمەیان بەسەردا دابەشکردین و لەو بیابانە بەستوەدا خێمەمان هەڵدا.

لە یەکێک لە شەوەکاندا دەزگای هەواڵگری یەکێتی سۆڤیەت" کەی جی بی" هات و تەواوی ئەوانەی کە تەمەنیان لە بیست زیاترە بردیانن، بۆ هەمیشە نەگەڕانەوە، دواتر زانرا کە لە ناوچەی "شمکینت" لە باشوری کازاخستان دوای کۆمەڵکوژی بەخاک سپێردراون، ئەوە یەکەم پڕۆسەی ئەنفالی کورد بوو لە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤیەت.

دوای ساڵی ١٩٦٠ سێیەم هەوڵی دامەزراندنەوەی کوردستانی سور هەبوو لە لایەن "محەمەد بابائێف"، بەڵام ئەویش شکستی هێنا.

ساڵی ١٩٨٨ جەنگی "ناگوڕنۆ- کەرەباخ" لە نێوان ئازەرباینجان و ئەرمینیا دەستیپێکرد، بەهۆی ئەو جەنگەوە، زیاتر لە ١٥٠ هەزار کوردی تر راگوێزران.

دوای ئەو جەنگەی نێوان ئەرمینیا و ئازەرباینجان "نیکیتا گۆرباچۆڤ" بڕیاری دروستکردنەوەی هەرێمی کوردستانی سور دەدات لە نێوانیاندا، لە ئایاری ساڵی ١٩٩١ گۆرباچۆڤ بە فەرمی بە سەرۆکی ئازەرباینجان "مۆتالیبۆڤ" دەڵێت، پێویستە لە ماوەی دوو مانگدا ئۆتۆنۆمی کوردستانی سور رابگەیەندرێت.

بۆ بەرگری لەوە سەرۆکی ئەوکاتەی تورکیا "دیمیریل" حەیدەر عەلیەڤی بانگێشتکرد بۆ ئەنقەرە و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێبەخشی بۆ کڕینی سەرکردەکانی ئازەری و رازیکردنیان بە دەرکردنی کورد لەو ناوچەیەدا، بەڵام زۆری نەبرد جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەرباینجان سەری هەڵدایەوە.

ساڵی ١٩٩٢ بە سەرۆکایەتی "وەکیل مستەفا ئێڤ" هەرێمی کوردستانی سور راگەیەنرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتیوانی و دژایەتیکردنی ئازەری و ئەرمەنییەکان، لە بارچوو و  مستەفائێڤ ئاوارەی وڵاتی ئیتاڵیابوو داوای مافی پەنابەرییەتی کرد، تا بەرواری ١٩/ ٤/ ٢٠١٩ لە تاراوگە و لە ئاوارەیدا وەفاتی کرد.