سەردێڕ:

کاریگەرییە خراپەکانی کەرەنتین لەسەر جەستەی مرۆڤ

فۆتۆ: 
2020-09-26

2804 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راپۆرتێکی لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی کەرەنتین و مانەوەی خەڵک لەماڵەکانی خۆیاندا بۆ ماوەی چەند مانگێکی لەسەر جەستە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دڵ و سییەکان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینکردنی جیهان و مانەوەی خەڵک لەماڵەکانیان بۆچەندین مانگ، تەنها کەرتی ئابوری زیانی پێنەگەیشتووە، بەڵکو مرۆڤەکان لەڕوی جەستەیی و دەروونیەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کەمکردنەوەی چالاکی جەستەیی کاریگەری لەسەر قەبارەی ماسولکەکاندەکات و مانەوەی یەک هەفتە لە ماڵەوە بێ ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکی وەرزشی، بەرهەمی چەندین هەفتەی راهێنانەکان بەفیڕۆدەدات.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەگەڵ کەمبوونەوەی راهێنان و مەشقی رۆژانە، لێدانی دڵ کەمدەکات و دەبێتە هۆی لاوازبوونی دڵ.

باناگیس گالیاتساتۆس پسپۆر لە نەخۆشییەکانی سی لە سەنتەری جۆنس هۆپکنس لە ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، سییەکان لەگەڵ کەمبوونەوەی چالاکییەکانی رۆژانە کاریگەری خراپ لەسەر کۆئەندامی هەناسە دادەنێت و ژمارەیەک لە نەخۆشەکانیش ئەم گرفتەیان هەبووە.

راپۆرتەکە دەشڵێت، لە دۆخە قورسەکاندا هەندێجار مرۆڤ کێشی زیاددەکات و ئەمەش ئاساییە، بەڵام مەترسیدارە ئەگەر کێش زیادبوون ببێتە هۆکاری قەڵەوی، کە ئەوەش دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی شەکرە.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی مانەوەی زۆر لە ماڵ و شێوەی دانیشتنی هەڵە لەسەر کورسی کاریگەری لەسەر مل و شان و ران و تەنانەت چاویش دەبێت، هاوکات، لەگەڵ نەچوونەدەرەوە تیشکی خۆر بەرجەستەی مرۆڤ ناکەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڤیتامین دی لە جەستەدا و کەمخەوی و هەستکردن بە ماندویەتی لێدەکەوێتەوە.

بڕاندن بڕاون پسپۆر لە نەخۆشییە گواستراوەکاندا لە سەنتەری کۆمەڵگەتەندروستییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت، "لەکاتی دانیشتن بە چەند کاتژمێرێک پێویستە بۆ ماوەیەک لە شوینەکەی خۆت هەڵسیت و پیاسەیەک بکەیت و ماسولکە و جەستەت درێژبکەیت".

مانەوەی زۆر لەماڵەوە و ئەنجامنەدانی مەشق و راهێنانەکان تەنانەت کاریگەری خراپیاندەبێت لەسەر مێشک و لاوازیدەکەن، بەپێی راپۆرتەکە، مەشق و راهێنانەکان یارمەتیدەری مێشکدەبن لە دەردانی ماددە کیمیاوییەکان، بەمەش ژەهرە کوشندەکانی خانەکانی مێشک تێکدەشکێن.