سەردێڕ:

لە پێشانگایەکی دهۆک زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار دزراوە

فۆتۆ: 
2020-09-26

6748 جار خوێندراوەتەوە

لەیەکێک لە پێشانگاکانی دهۆک، چایچییەکی کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل بە فێڵ پارەی بە ناوی کۆمپانیاکەوە لە خەڵک وەرگرتووە، کە کۆی گشتییەکەی نزیکەی یەک ملیۆن دۆلارە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ماوەی نزیکەی هەفتەیەک دەبێت ئەم کێشەیە لە دهۆک پەیدا بووە کە چایچی کۆمپانیایەکی دیاری ئۆتۆمبێل کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات، بەهۆی کارەکەیەوە بووەتە کەسێکی متمانە پێکراو و چەندین جاریش بۆ وەرگرتنی پارە و مامەڵەی کۆمپانیاکە راسپێردراوە، دەشڵێت، بەپێی زانیارییەکانی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو چایچییە بەهۆی دروستبوونی متمانە و بە ناوی کۆمپانیاکەوە، پارە و ئۆتۆمبێلی لە نزیکەی ٢٥ کەس وەرگرتووە و وتوویەتی کە دەیگەیەنێتە کۆمپانیا، لەو کاتەشەوە ئەو کەسە دیارنییە و خاوەنی کۆمپانیاکەش دەڵێت، ئەو پارەیە نەگەیشتووەتە دەستی ئەوان.

باسی لەوەشكرد، هەتا ئێستا پێنج سکاڵا لەسەر ئەو چایچییە و کۆمپانیاکە تۆمارکراوە و خاوەنی کۆمپانیاکەش دەڵێت، کە ئەو ئاگاداری ئەو بابەتە نییە و هیچ داواکارییەکی لەو جۆرەشی لە چایچییەکە نەکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لەو کەسانەی کە ئەو چایچییە پارەکەی لێوەرگرتوون باسیان لەوەکردووە، ئەوان سکاڵا تۆماردەکەن و داوای وەرگرتنەوەی پارەکەیان دەکەن.

هاوکات، لەبارەی دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیەشەوە پۆلیسی دهۆک هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا و باس لەوەشدەکەن، لە ئێستادا بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە دەستپێکردووە و کار لەسەر سکاڵای ئەو هاوڵاتییانە دەکەن.