سەردێڕ:

لەدژی رێکارەکان لە لەندەن خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2020-09-26

2723 جار خوێندراوەتەوە

بە هەزاران خۆپیشاندەر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گردبوونەوەیەکیان دژی دووبارە گرتنەبەری رێکارە نوێیەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ئەنجامدا کە پێکدێت لە هەریەک لە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و داخستنی شوێنەگشتییەکان.

ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی ئاسیۆشەیتد پرێس رایگەیاند، بەهەزاران خۆپیشاندەر لە مەیدانی تەرەفاڵگەر لە لەندەن گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ رەتکردنەوە و پابەندنەبوون بە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و رێکارە نوێیەکانی خۆپارێزی و داخستنی شوینە گشتییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانی بەریتانیا ئامادەکاری بۆ پێداچونەوەی بڕیارەکانی خۆپارێزی دەکات، چونکە پێشتر حکومەتی ئەو وڵاتە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان کۆمەڵێک رێکاری نوێی خۆپارێزی لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا سەپاند.

لەو بارەیەوە، ئێدی ئەیدیلیکان بەرپرسی چالاکییەکانی پۆلیسی لەندەن رایگەیاندووە، "دەزانین ئەم رێکارانە خەڵکی توشی نیگەرانی دەکەن، بەڵام لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی گیراونەتەبەر."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کۆمەڵێک رێکاری نوێیان بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتەبەر، کە بریتین لەوەی نابێت هیچ کۆبوونەوەیەک لە شەش کەس زیاتربێت، پێویستە هەموو کەس ماسک بپۆشن و پابەندی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی ببن و شوێنە گشتییەکان لە کاتژمێر ١٠ی شەوەوە دابخرێن و لەبەرامبەردا سەرپێچیکاران غەرامە دەکرێن.