سەردێڕ:

عێراق دەست بە بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-25

6652 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان رایگەیاند، بە فەرمانی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەک بۆ دەستپێکردن بە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵات بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا پێکهێنراوە.

کەمال حسێن لەتیف، سەرۆکی دەستەی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، "مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا گرنگی دۆسیەی وزەی ئەتۆمی باسکردووە و پێشنیازی ئەم دۆسییەی بۆ کردووە".

راشیگەیاند، بەو مەبەستە و بە فەرمانێکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەستکراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی.

باسی لەوەشکرد، "عێراق هەنگاودەنێت بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی توانا زانستییەکانی لەبواری ئەتۆمدا کە لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا هەیبووە".

دەشڵێت، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئارەزووی ئەم هەنگاوەی هەیە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دەرکردووە بۆ پرۆژەی دووبارە و سەرلەنوێ هەستانەوەی عێراق لە بواری وزەی ئەتۆمدا بۆ مەبەستی ئاشتی و سود وەرگرتن لێی".

باسی لەوەشکردووە، کە عێراق پێویستی بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی هەیە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی  وزەی کارەبا و ئەو پرۆژەیەش رەنگە پێنج ساڵ بخایەنێت.