سەردێڕ:

تورکیا هەوڵی بە تورککردنی رۆژئاوای کوردستان دەدات

فۆتۆ: 
2020-09-25

3556 جار خوێندراوەتەوە

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری لە شاری مەنبجی سوریا رایگەیاند، تورکیا سیاسەتی بە تورککردن دەگرێتەبەر و خەڵک ناچاردەکات لیرەی تورکی بەکار بهێنن و پرۆگرامی تورکی بخوێنن.

ئەمڕۆ هەینی، محەمەد خێر شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری لە شاری مەنبج و دەوروبەری رایگەیاند، "تورکیا بەکارهێنانی لیرەی تورکی لەجیاتی لیرەی سوری لەو ناوچانەدا دەسەپێنێت کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان، لەگەڵ ئەوەی ئاڵای تورکیاشی لەو ناوچانەدا هەڵکردووە".

راشیگەیاند، "ئەو پرۆگرامەی لە تورکیا دەخوێندرێت هێناویەتی بۆ قوتابخانەکان وسەپاندویەتی بەسەر خەڵکدا".

دەشڵێت، "ئەم هەنگاوانە ئەوەمان بەبیردەهێنێتەوە کە تورکیا بەنیازە ناوچەی ئەسکەندرونەی پێشوو بگەڕێنێتەوە، هەنگاو بە هەنگاو سیاسەتی بە تورککردن پیادە دەکات تا لە کۆتاییدا لەبیردەکرێت ئەمە خاکی سوریا بووە".

باسی لەوەشکرد، ئەم هەنگاوانەی تورکیا هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەن کە پێشتر فەڕەنسا لەسەردەمی ئینتیدابدا (ئەو کاتەی فەڕەنسا حوکمی سوریای دەکرد) پەیڕەوی کرد لە هەڵکردنی ئاڵا و سەپاندنی خوێندن و پارەی وڵاتەکەی لە سوریادا.