سەردێڕ:

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی: نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵانی هەولێر بۆ فرۆشتن نیە

فۆتۆ: 
2020-09-24

3805 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی ڕایگەیاند، پێدەچێت پلانێک هەبێت بۆ کردنی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان لە هەولێر بە کەرتی تایبەت. دەشڵێت، "نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵانی هەولێر بۆ فرۆشتن نیە."

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە بە تۆڕەکەمان گەیشتوە، پێدەچێت پلانێک هەبێت بۆ بردنی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان لە هەولێر بۆ کەرتی تایبەت." دەشڵێت، "ماوەیەکە بەناوی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین، دەستکاری نەخۆشخانەکە کراوە، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەدا، بەشێک کراوەتەوە بەناوی نەخۆشخانەی دکتۆر سوبحی ئەل-یەعقوبی بۆ منداڵان."

ئاماژە بەوەشكراوە، "بە گوێرەی زانیاریەکانی ئێمە ئەو پزیشكەی نەخۆشخانەی ڕاپەرینی بەناوەوە نراوە خزمی نزیکی شێخ باز بەرزنجیە كە کاندید بووە بۆ وەزیری سامانە سروشتیەکان و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گروپە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "هەر بەگوێرەی زانیاریەکانمان، باز کەریم بەرزنجی تێچووی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی نەخۆشخانەی منداڵانی گرتووەتە ئەستۆ".

باس لەوەشكراوە، "شێخ باز پارەی داوەتە یەکێک لە بەناوبانگترین هونەرمەندە شێوەکاریەکانی بواری وێنەی منداڵان لە ئیتالیا بۆ ڕازاندنەوەی دیوارەکانی نەخۆشخانەکە. هونەرمەندەکە ناوی ئەندریا ئەنتینۆریە و لە پێگەی ئەیلکترۆنی خۆی ئەو وێنانەی پیشانداوە کە لەسەر دیوارەکانی نەخۆشخانەکە کێشاونی".

دەشڵێت، دەپرسین ئایا بۆچی ناوی نەخۆشخانەی ڕاپەڕین گۆردراوە بۆ ناوێکی دیکە و بە بڕیاری کێ ئەو کارە کراوە؟ یان ئایا ناوە تازەکەی نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان بۆچی لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی لەسەر نیە؟".

ئەوەش هاتووە، "بە چ یاسا و رێسایەک نەخۆشخانەیەکی تایبەت کە بە نرخی بازاڕ تەندروستی دەفرۆشێتە منداڵان، لەناو نەخۆشخانەیەکی گشتی و لەسەر زەوی گشتی دروستکراوە؟".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە هەیە نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵانی هەولێر بدرێتە كەرتی تایبەت و ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و بەشێك لە ڕێكخراوەكانی لێكەوتووەتەوە.