سەردێڕ:

ئەمریکا مۆڵەتی عێراقی بۆ هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە درێژکردەوە

فۆتۆ: 
2020-09-24

1292 جار خوێندراوەتەوە

سەرباری ئەوەی ئەمريکا جەخت دەکاتەوە لەسەر سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بەسەر تاراندا، بەڵام جارێکی ديکە گڵۆپی سەوزی بۆ عێراق هەڵکرد و ماوەی هاوردەکردنی غازی لە ئێرانەوە درێژکردەوە.

نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروبارى ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى مۆڵەتى هاوردەکردنى غازى ئێرانى لەلایەن عێراقەوە بۆ ماوەى دوو مانگى دیکە درێژکردووەتەوە، واتە ڕێگە بە بەغدا دەدات بەردەوامبێت لە هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە تارانەوە.

ئیلیۆت ئەبرامز، راشیگەیاند، ئەمریکا لە سەپاندنى سزاکان بەسەر ئێراندا ناوەستێت تا دەگاتە رێکەوتنێک کە هەڵسوکەوتى ئێرانیشى تێدا جێگیر دەکرێت، کە بووەتەهۆى هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى ناوچەکە.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە کەرتی وزەی ئێرانی خستووەتە لیستی رەش، بەڵام مۆڵەتی بە عێراقداوە گاز لە ئێران بکڕێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی بەغدا چەندين جار بێتوانای خۆی ڕاگەياندووە لە دابينکردنی کارەبادا.

لە مانگی ئاياری ئەمساڵدا و لەسەرەتای دەست بەکاربونی کابينەی نوێی حکومەتی عێراقەوە ئەمريکا جارێکی ديکە ماوەی چوارمانگ هاوردەی غازی ئێرانی  بۆ بەغدا درێژکردەوە، ئەم هەنگاوەش وەک پشتيوانی واشنتۆن بۆ حکومەتی نوێ لێکدرايەوە.

لە بەرامبەريشدا، چاودێرانی نێودەوڵەتی رەخنەی ئەوە لە حکومەتی نوێی عێراق دەگرن، کە تائێستا نەيتوانيوە هێرشە موشەکييەکانی سەر باڵيۆزخانەی ئەمريکا و کاروانی هاوپەيمانان ڕابگرن کە لە ئێستادا ڕۆژانە لە دژی ئەمريکا و بەرژەوەندييەکانی عێراق ئەنجامدەدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدايە، لە ميانی سەردانەکەی مانگی ئابی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن وەزارەتی وزەی ئەمریكا ڕايگەياند، پێنج كۆمپانیای وزەی ئەمریكی بە بڕی هەشت ملیار دۆلار ڕێككەوتنیان لەگەڵ شاندی عێراقی ئیمزا كردووە.

هەرچەندە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت بەڵام لە سەدا ٩٠ی ئابورييەکەی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت و بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانييەکان، لە بواری وزەدا بەشێوەيەکی بەرچاو پشت بە ئێران دەبەستێت، و سێ بەشی گاز و کارەبای لەو وڵاتەوە هەناردە دەکات، هاوکات ناتوانێت پست بە ژێرخانی خۆی ببەستێت بۆ دابينکردنی پێويستی دانيشتوانەکەی کە نزيکەی ٤٠ مليۆن کەسە.