سەردێڕ:

بڕیار لە گۆڕینی تاران وەکو پایتەختی ئێران دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-09-24

15375 جار خوێندراوەتەوە

دەنگۆی گواستنەوەی پایتەختی ئێران لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە بووەتە جێگەی مشتومڕی سیاسییە باڵاکانی وڵاتەکە و سوپای پاسدارانیش بە جددی دەیەوێت ئەو کارە بکات.

 ئەبولفەزڵ ئەبوتورابی پەرلەمانتاری ئێرانی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "پاش تێپەڕینی کۆرۆنا، بڕیار لەسەر گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەدرێت."

راشیگەیاند، "کۆمپانیای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران داوایەکی فەڕمی پێشکەش بە حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران کردووە کە ئامادەیە پرسی گواستنەوەی پایتەخت لە تارانەوە بۆ شوێنێکی تر لە ئەستۆ بگرێت".

دەشڵێت، "لە ساڵانی رابردوودا رۆحانی بە فەڕمی داوای لە وەزیری رێگەوبان و گەشەپێدانی بیناسازی کردووە کە بڕیاری لەسەربدەن، بەڵام دواخراوە بۆ پاش کۆرۆنا".

لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی تاران بۆ ١٤ ملیۆن بەرزبووەتەوە و قەرەباڵغییەکی زۆری دروستکردووە. ئەمەش بووەتەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بە گشتی و خانوبەرە بەتایبەتی. ھاوکات ژینگەکەشی بەشێوەیەکی مەترسیدار پیسبووە. جگە لەوەی چەندین زەمینلەرزەی بەھێزیش تێیدا روویداوە.

لەلایەکی دیکەوە، چاودێران و ئۆپۆزسیۆنی یٔەو وڵاتە پێیانوایە زۆریی دانیشتوان و یٔەو خۆپیشاندانانەی ئەنجامدەدرێن، حکومەتی تارانی ناچارکردووە بیر لە گواستنەوەی پایتەخت بکاتەوە تا لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدابێت.