سەردێڕ:

بە گوژمەی ١٥ ملیار دینار پڕۆژە بۆ قەزای سۆران ئامادە دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-09-24

14245 جار خوێندراوەتەوە

قایمقامی سۆران راگەیاند، لە ڕێگای پارێزگای ھەولێرەوە، دەرخستەیەك بە گوژمەی ١٥ ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران و ناحیەكانی دیانا و سیدەكان و خەلیفان، ئامادە دەكرێت.

كرمانج عیزەت، قایمقامی قەزای سۆران بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی راگەیاندووە، "سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، پارێزگای ھەولێری ئاگاداركردووەتەوە، كە كۆمەڵێك دەرخستە بۆ سنووری دەڤەری سۆران ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، كە ئەولەویەتی سەرەكی بۆ ئەو پڕۆژانەیە كە تەواونەكراون لە سێكتەرەكانی كارەبا و ئاو ئاوەڕۆ و شارەوانی و ڕێگاوبانەكان و بەشێكی دیكەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەردەوامیش ھەوڵمان داوە بۆ سنووری ناوچەكەمان باشترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێبكەین".

قایمقامی سۆران راشیگەیاندووە، "دەرخستەكە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكراوە بە گوژمەی ١٥ ملیار دینار، لەلایەن پارێزگای ھەولێریشەوە بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزردەكرێتەوە، بۆیە چاوەڕێدەكرێت ڕەزامەندی لەسەر دابینكردنی بڕی گوژمەكە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی قەزاكە دەرببڕێت".