سەردێڕ:

دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان بە لێبڕینی لە ١٨٪ دەبێت

فۆتۆ: 
2020-09-24

58774 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، موچەی ئەم مانگە فەرمانبەران بە لێبڕینی ١٨٪ دابەشدەکرێت، بەڵام موچەی پلە تایبەتەکان وەک مانگی پێشوو دەبێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، فەرمانگەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لیستی موچە مانگی نیسان بە رێژەی کەمکردنی ١٨٪ ئامادەبکرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، موچەی پلە تایبەتەکان بە هەمان شێوەی مانگی پێشوو دەبێت، کە رێژەی ٥٠٪یان لێدەبڕێت.  

پێشتریش، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی راگەیاندووە، کە لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو پارەیە دەبێت کە لەبەردەستی حکومەتدایە، رەنگە لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە زیاد و کەمی هەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم هێشتا موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی دابەشنەکردووە و لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تەنیا سێ موچەی دابەشکردووە، کە دوو موچەیان بە لێبڕینی لە ٢١٪ بووە.

هێرش قادر، هەولێر