سەردێڕ:

لیژنه‌ى دارایی پەرلەمانی عێراق: لە بودجەدا مانگانە ٧٦ ملیار دینار بۆ پێشمەرگە دانراوە

فۆتۆ: 
2020-09-24

10818 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ى دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، له ‌بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو مانگانە ٧٦ ملیار دینار بۆ پێشمەرگە دانراوە، کە ساڵانە دەکاتە ٩١٢ ملیار دینار.

شێروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ى دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى ڕایگه‌یاندوە، له ‌بودجه‌ى گشتى عێراقدا بڕگه‌یه‌ك دانراوه‌ حکومەتی هه‌رێم پابه‌ند ده‌كات به ‌ئاشكراكردنى سه‌رجه‌م زانیارییەکان بۆ ئه‌وه‌ى بزانن هه‌رێم بۆچى قه‌رزى كردووه و ئه‌و قه‌رزانه‌ چین كه‌ڵه‌كه ‌بوون.

باسی لەوەشکردوە، له ‌ماوه‌ى ٩٠ رۆژدا لیژنه‌یه‌ک دروستده‌كرێت له ‌دیوانى چاودێرى دارایی فیدڕاڵى و هه‌رێم بۆ پێداچوونه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان له‌پێناو ئاشكراكردنى هۆكاره‌كانى په‌نابردنى هه‌رێم بۆ قه‌رزكردن و چۆنێتى خه‌رجكردنى پاره‌ى قه‌رزه‌كان، هاوکات روونکردنەوەی ئەوەی حکومەتی هه‌رێم به‌ چ یاساییه‌ك قه‌رزى كردووه‌.

ئاماژەی بەوەشکردووە، له ‌بودجه‌ی عێراقدا تاوتوێى نه‌وتى كه‌ركوكیش كراوه‌، كه ‌رۆژانە بریتییه‌ له ٣٥٠ هه‌زار به‌رمیل و‌ له ‌رێگاى بۆرییه‌كانى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمەوە رەوانە دەکرێن و ‌کرێی گواستنه‌وەشی‌ له‌لایه‌ن بەغداوە خه‌رجده‌كرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنه‌ى دارایی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت حکومەتی هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى كۆمپانیاى سۆمۆ بكات له‌گەڵ راده‌ستكردنى رێژه‌ى ٥٠٪ی داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی هەرێم.