سەردێڕ:

ماڵپەڕێکى ئەمریکى گومانێک لەسەر کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدا بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-22

65330 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە هەفتەیەک بەسەر بڵاوبوونەوەى هەواڵى کوشتنى خێزانە کوردەکەى بەغدا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا مشتومڕ و گومانەکان لەسەر رووداوەکە کۆتاییان نەهاتووە و بەشێوەى جیاواز لێکدانەوە بۆ رووداوەکە دەکرێت.

خانەوادە کوردەکەى بەغدا، کە لە دایک و باوک و کچێک پێکهاتبوون، سەرجەمیان خەڵکى شارى سلێمانى بوون و دواى یەک رۆژ لە بڵاوبوونەوەى هەواڵەکە، تەرمەکانیان گەڕێنرایەوە هەرێمى کوردستان و بەخاکسپێردران.

شیلان دارا کە یەکێک بوو لە کوژراوانى خانەوادەکەى بەغدا، دەرمانساز و چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریرى بەغدا بوو، ئەوەش وایکردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان و چاودێران و چالاکوانان توشى شۆک بکات و بەسەر دوو بەرەى جیاواز دابەشیان بکات.

ماڵپەڕى حوڕەى ئەمریکى لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانى هەزار پرسیار لەسەر کوشتنى کچە چالاکوانەکەى بەغدا بڵاویکردووەتەوە، رووداوەکە زیاترە لەوەى تەنها حاڵەتێکى دزیکردن بێت.

بەشێک پێیان وایە کوشتنی شیلان تەواوکەری سیناریۆی زنجیرەی کوشتنی نەبڕاوەی چالاکوانانی مەدەنییە لە عێراق، بەو پێیەی ئەو کچە کورده یەکێک بووە لەو چالاکوانانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا بەشداریکردووە و بریندارانی چارەسەرکردووە.

بەشێکى دیکەش لەو باوەڕەدان شیلان و خێزانەکەی بە مەرامی سیاسی نەکوژراون، بەڵکو هۆکارەکەی تەنیا تاوانێکی هەڵکوتان و دزییە  و پێشتر هیچ دژایەتیەکیان لەلایەن هیچ کەسێکەوە نەبووە.

دوای رووداوەکەش سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ماڵپەری حوڕەی ئەمریکی وتووە، ئەوان گریمانەی سیاسی بە دوور نازانن، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە لە ماڵی قوربانییەکان بەشێک لە کەلوپەلەکان دیارنەماون، کە ئەوەش بیرۆکەی تاوانی هەڵکوتان و دزی دەهێنێتە پێشەوە.

وەک ئەو سەرچاوە ئەمنییە دەڵێت، شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە تاوانەکە لە تاوانێکی ئاسایی ناچێت، بەڵکو ئەگەری هەیە تاوانێکی گەورەتر بێت لەوەى کە دەوترێت و بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکى دیکە لە فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنەکانی بەغدا قسەیەکى تر دەکات و دەڵێت، ئەو ناوچەیەی کە ماڵی شیلان داراى تێیدا دەژین لە رووی ئەمنییەوە ناوچەیەکی ئارام و پارێزراوە و بە ئاسانی کەس ناتوانێت جموجۆڵی تێدا بکات، ئەوەش بەهۆی بوونی باڵوێزخانەی وڵاتی روسیا لەو ناوچەیە، چونکە بە پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان تەنراوە و کامێراکانی چاودێریشی بە چڕى تێیدا جێگیر کراوە و بە چڕى چاودێرى ئەو ناوچەیە دەکرێت.

وەک ماڵپەرى حوڕە دەڵێت، ئەم رووداوە ئەگەرى زۆرە پاڵنەرى سیاسیى لە پشتەوە بێت نەک ئەوەى تەنها حاڵەتێکى دزیکردن بێت.

لە لایەکى دیکەشەوە فائق شێخ عەلى، پەرلەمانتارى عێراق لەسەر رووداوەکە نوسیوویەتى هێزە ئەمنییەکان کە ئەو بە میلشیا ناوى هێناوە دەڵێت، دەیانەوێت بڕواى پێ بهێنن کەوا کەسێک لەبەر چەند دینارێک شیلان و خانەوادەکەى کوشتووە، بەڵام ئەو کەسە کچێکى کوشتووە کەوا چالاکوانى مەدەنى بووە و بریندارانى خۆپیشاندانەکانى چارەسەرکردووە.

پێشتریش ئێن ئاڕ تى لە راپۆرتێکى شیکاریدا چەند جیاوازیەکى لە دانپێدانانى تۆمەتبارەکەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و بەغداوە بڵاوکردەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممەى رابردوو، شیلان دارا لەگەڵ باوک و دایکیدا لەنێو ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی مەنسوور لە بەغدادی پایتەختی عێراق بە کوژراوی دۆزرانەوە و رووداوەکەش زۆرترین گومان و کاردانەوەى لێکەوتوەتەوە.