سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق: هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاخبردنی نەوت

فۆتۆ: 
2020-09-22

24341 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاخبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە و لە ئۆپێكیش كێشەی بۆ دروستكردوون.

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی ئێس پی گلۆباڵ پلاتسی تایبەت بە بواری وزەی راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان شكستی بە عێراق هێناوە لە پابەندبوون بە رێككەوتنی ئۆپێكەوە.

راشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بووەتە سەرچاوەی بە قاچاخبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە و ئەوەش وایکردووە، عێراق شکست بهێنێت لە پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

باسی لەوەشکردووە، هەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٥٠ بۆ ٤٧٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەو بڕە دیار نییە کە بە رێگەی قاچاخ دەفرۆشرێت، چونکە لە هەندێک کێڵگەی نەوت دزەپێکردنی نەوت هەیە، کە بە تانکەر بۆ هەندێک شوێن دەبرێت و نازانرێت بڕەکەی چەندە؟

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنادا و بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو، رێکخراوی ئۆپێک کە عێراقیش ئەندامیەتی بڕیاریدا رۆژانەی نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە و بەوەش، بەرپرسیارێتی کەمکردنەوەی بڕێک لەو نەوتەی بەر بەغداد کەوتووە، دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان.