سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-09-22

52411 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکوک بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەردەوامە. دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە، شاندێکی حکومەت راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکوک، کە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە.

دەشڵێت، ئەوە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی رژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە.

باسی لەوەشکردووە، "ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجامدەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان دیاریکراوە."

مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە، لە کاتێکدا کە بە توندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکوک دەکەین، دووپاتیشی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتوی رەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاوڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ جارێکی دیکە بەخشینیەتی بەو کەسانەی ٣٥ ساڵ لەژێر سایەی رژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکردبوو."

ئەوەش هاتووە، "بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات."

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا دەڵێت، "داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر، بەپێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا رێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پڕۆسەیەدا. دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور."

جەختیشیکردووەتەوە، داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ رێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت و رەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە "پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان."