سەردێڕ:

لە ئیتاڵیا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە

فۆتۆ: 
2020-09-22

2899 جار خوێندراوەتەوە

ريفراندۆمەکەی ئیتاڵيا بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەمەش ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە خولەکانی داهاتوودا لە ٩٤٥ کورسييەوە بۆ ٦٠٠ کەمدەکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی ميدياکانی ئيتاڵيا، هاوڵاتيانی ئەو وڵاتە له‌رێگه‌ی پڕۆسه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران و سێناتۆرەکانی وڵاتەکەیاندا و دەنگی بەڵێ بە رێژەی لە سەدا ٦٩ پۆينت شەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەنگی نەخێريش رێژه‌ی لەسەدا ٣٠ پۆينت چواری بەدەستهێناوە.

 هاوکات، لوی دێ مايۆ سەرۆکی جوڵانەوەی پێنج ئەستێرە، کە هاوكات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیایە و خاوەنی پێشنیازی کەمکردنەوەکە بوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجييەکان، رایگەیاند، سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ ئیتاڵییەکان و ئەم بابەتە هەنگاوی ديکەی چاکسازی بەدواوە دەبێت.

 هەموارکردنەوەی دەستوريش پێشتر لە پەرلەمانی ئیتاڵیا پەسندکراوە، بەو پێيەش کە پرۆسەکە زۆرینەی دەنگی بەڵێی بەدەستهێناوە ئەوا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئيتاڵيا کە بڕيارە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت، لەبری ٩٤٥ کورسی دەنگ بۆ ٦٠٠ کورسی پەرلەمانی دەدرێت.

 کەمکردنەوەکەش بە جۆرێکە ژمارەی سيناتۆرەکان لە ٣١٥ بۆ ٢٠٠ سيناتۆر کەمدەکرێتەوە و نوێنەرانی خەڵکيش لە ٦٣٠ کەسەوە بۆ ٤٠٠ کەس کەمدەکرێتەوە.

لەبەرامبەردا دەنگدەرانی نەخێر رەخنەی ئەوە دەگرن کە ئەم بابەتە زيان دەگەيەنێت بە پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا.