سەردێڕ:

نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەردانی هەولێری کرد

فۆتۆ: 
2020-09-21

5806 جار خوێندراوەتەوە

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا سەردانی هەولێر و باکوری رۆژهەڵاتی سوریای کرد و گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی باڵاکرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەینداروێکی لەبارەی سەردانەکەی جەیمس جیفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا بۆ هەرێمی کوردستان و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا سەردانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کرد و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی کۆبونەوەی ئەنجامداوە."

ئاماژە بەوەشكراوە، "جیفری ئێوارەی دوێنێ، بە شێوەی جیاجیا لەگەڵ فەرماندەیەکی باڵای هەسەدە لەلایەک و پارتە کوردییەکان لەلایەکی تر و نوێنەری خێڵەکانی دیرەزور کۆبوونەوەی ئەنجامداوە."

بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، جیفری پێداگریکردووە لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش.

ئەوەش هاتووە، "دواتر جیفری سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە ئەنجامدەدات و لەبارەی هەوڵەکان بۆ بەردەوامبوون و لەناوبردنی گروپە چەکدارەکان گفتوگۆدەکەن."

باس لەوەشکراوە، کە بڕیارە جێمس جفری لە ٢٣ی ئەم مانگەدا بەسەردانێکی فەرمی بگاتە ئەڵمانیا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانی.