سەردێڕ:

پۆلیسى هەولێر ئامارى شەش مانگى رابردووى بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-09-21

1160 جار خوێندراوەتەوە

 پۆلیسى هەولێر رایگەیاند، لە سنوری پارێزگای هەولێر لە ماوەى شەش مانگدا، پێنج هەزار و ٩٩٢ تاوان تۆمارکراوە، کە پێنج هەزار و ٥٦٨ یان ئاشکراکراون.

بەڕێوەیەرایەتى پۆلیسى هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە سنوری پارێزگای هەولێر لە ماوەى شەش مانگدا، پێنج هەزار و ٩٩٢ تاوان تۆمارکراوە، کە پێنج هەزار و ٥٦٨ یان ئاشکرا کراون"، دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا ٦٥٥ تۆمەتبار لە هەموو تاوانە جیاوازەکان کە باندی دزیکردن، کوشتن، ساختەکاری، سپیکردنەوەی دراو و تاوانی دیکەی دەستگیرکراون".

ئاماژەبەوەشکراوە، "لەو شەش مانگەدا، ٧٥١ دەرۆزەکەریان دەستگیرکردووە لەنێو سەنتەری شار و ترافیک لایتەکاندا کە خۆیان بە نەخۆش و کەمئەندام پیشانداوە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک"، ئەوەش هاتووە، "دەرۆزەکەرێک دەستگیرکراوە کە لە میانی سێ رۆژدا، ١٣ ملیۆن دیناری کۆکردووەتەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "٩٣ تۆمەتبار کە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق داواکرابوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە لە هەولێر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون و رەوانەی ئەو شوێنانە کراونەتەوە کە لێوەی داواکراون".

باسلەوەشکراوە، "لەو ماوەیەدا دەستگیراوە بەسەر دوو هەزار و ٤٣ نێرگەلە و لەناوبردنی ٢٨ تەن دەرمانی ماوە بەسەرچوو، ١٤٨ سەرپێچیکاری جۆراوجۆر دەستگیرکراون و سزای یاسایی دراون و هەزار و ٢٨٤ شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی ناوخۆ و تەندروستی داخراون."