سەردێڕ:

ئەمریکا سزا بەسەر چەند کەسایەتی و لایەنێکی هاوکاری ئێراندا دەسەپێنێت

فۆتۆ: 
2020-09-21

2448 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکى ئەمریکى رایگەیاند، وڵاتەکەى سزاى زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، کە ٢٤ کەسایەتى و لایەنى تێوەگلاو لە بەرنامەى خۆپڕچەککردنى ئێران لەخۆدەگرێت.

ئاژانسى رۆیتەرز لەزارى ئەو بەرپرسە ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا واژۆ لەسەر فەرمانێکى جێبەجێکردن دەکات، کە تیایدا رێگە بە ئیدارەى ئەمریکا دەدات سزا بەسەر لایەن و بازرگانانى چەک بسەپێنێت کە لەگەڵ ئێراندا مامەڵە دەکەن.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان ئاگادارن ئێران تاکۆتایی ئەم ساڵ کەرەستەی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و دەشڵێت، لەئێستاشدا دووبارە تاران و کۆریاى باکور دەستیان بە کاری هاوبەش کردووەتەوە لە پڕۆسەى دروستکردنى موشەکى دوورهاوێژدا.

پێشتریش، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستپێکردنەوەی کۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێرانی راگەیاند و باسی لەوەشکردبوو، هەر لایەنێک پابەند نەبێت سزادەدرێت.

ئەمریکا تائێستا بەچەند قۆناغێک سزاى بەسەر ئێراندا سەپاندووە، دواى کشانەوەى لە رێککەوتنى ئەتۆمى لەساڵى ٢٠١٨ـەوە.