سەردێڕ:

شانەی ئەمنی عێراق زانیاری نوێی لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی شەنگالەوە ئاشکراکرد ​

فۆتۆ: 
2020-09-21

6201 جار خوێندراوەتەوە

شانەى ئەمنى عێراق رایگەیاند، شەوی رابردوو لە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین لە شەنگال ئۆتۆمبێلێک، کە سێ ئەندامی پەکەکەی تیادا بووە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.

شانەى ئەمنى عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە قەزای شەنگال ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ ئۆمێگای کردووەتە ئامانج."

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ئۆتۆمبێلەکەدا سێ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی تیادا بووە و لە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین لە شەنگال کراونەتە ئامانج.

هاوکات، شانەی ئەمنی عێراق باسی لەوەنەکردووە، کە سێ ئەندامەکەی پەکەکە لە ژیاندان یان گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، شەوی رابردوو، حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی گشتی پاراستنی ئێزیدی خان بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، لە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی ئەمشەو لە نزیک مەزاری شەرفەدین لە شنگال ئۆتۆمبێلەکە تەقیوەتەوە و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

باسی لەوەشکردبوو، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بۆردومانکرنی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلەکە دەکەن راستنین.