سەردێڕ:

ئەمریکا زانیاری نوێ لەسەر پرۆگرامە موشەکییەکەی ئێران ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-20

6639 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکی نوێیدا، زانیاری نوێی لەسەر پرۆگرامە موشەکییەکەی ئێران و تایبەتمەندییەکانی خستەڕوو و تیایدا واشنتۆن بە مەترسی جددی لەسەر ئاسایشی هەرێمی لەقەڵەمدا.

لە راپۆرتەکەدا باس لە مەترسییەکانی پرۆگرامە موشەکییەکە کراوە و تیایدا هاتووە، "ئێران لە رێگای پەرەپێدانی موشەکە بالیستییەکانی و بڵاوکردنەوەی لە ژمارەیەک وڵاتی جیهاندا، کە پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی دروست دەکات."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران خاوەنی گەورەترین و جیاوازترین جۆری موشەکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و زیاتر لە ١٠ جۆری موشەکی بالیستی هەیە و هەندێکیان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندان و هەندێکیشییان ئامادەن بۆ بەکارهێنان.

لەبارەی ئەو موشەکانەی هێشتا لە پۆسەی بەرهەمهێناندان، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەناوی هەندێک لە ناوی موشەکانە کردووە، لەوانەش، موشەکی Hoveizeh کە لە توانایدایە هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتر ببڕێت، لەگەڵ موشەکێکی دیکەش بەناوی Dezful کە لە توانایدایە هەزار کیلۆمەتر ببڕێت.

هاوکات، ئێران بەردەوامە لە پەرەدان بە تەکنۆلۆژیای نوێ، کە پێویستە بۆ گەشەدان بە سیستەمی موشەکی دوورهاوێژ لە رێگەی هەڵدانی پرۆگرامی ئاسمانی (SLV)ەوە.

لە کۆتایی راپۆرتەکەشدا جەخت لەوەکراوەتەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزا و ئابڵوقە بەسەر ئێراندا، ئەوەش بەهۆی پڕۆگرامە موشەکییەکەی ئەو وڵاتەوە تا ئەو کاتەی ئەو وڵاتە بە کۆتاییهێنان بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم رازی دەبێت، کە ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێی گشتگیردا دەبێت.