سەردێڕ:

ترەمپ: بەدەست بایدن بوایە هێشتا بن لادن و قاسم سولەیمانی لە ژیاندا دەبوون

فۆتۆ: 
2020-09-19

3906 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان یەکێکە لەو کەسانەی دەنگی بۆ شەڕی عێراق داوە و دژ بە کوشتنی ئوسامە بن لادن و قاسم سولەیمانیش بووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رەخنەی توندی لە رکابەرە دیموکراتەکەی گرت و رایگەیاند، "هیچ کەسێک هێندەی بایدن هەڵە نەبووە، دەنگی بۆ شەڕی عێراق دا، دژی لەناوبردنی ئوسامە بن لادن و کوشتنی قاسم سولەیمانی بوو، لە دەسەڵاتدا بوو کە داعش سەری هەڵدا و ستایشی گەشەکردنی چینیشی دەکرد بەوەی پەرەسەندنێکی ئەرێنییە بۆ ئەمریکا و جیهان."

راشیگەیاند، "بەدەست بایدن بوایە هێشتا بن لادن و قاسم سولەیمانی لە ژیاندا دەبوون، داعش هێشتا لە گۆڕەپانەکەدا دەبوو، هاوکات، ئێستا چین هێزی یەکەمی جیهان دەبوو، نەک ئەمریکا."

وابڕیارە رۆژی ٣ی ١١ی ٢٠٢٠، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و رکابەرییەکە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە و کاندیدی دیموکراتەکان بێت.

لە ماوەی رابردوودا، دەیڤد پۆڵاک، راوێژکاری باڵای پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، کە راستە جۆ بایدن زیاتر لەسەر کورد و مێژووەکەی دەزانێت، بەڵام پێیوانییە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا هەبێت و پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ کوردەکان پێبێت.