سەردێڕ:

یەکێتى ئەوروپا گرێبەستى کڕینى ٣٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینى راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-09-18

19737 جار خوێندراوەتەوە

لە ترسى کەمى بڕەکەى و زۆریى داواکاریى لەسەرى، یەکێتى ئەوروپا هەوڵدەدات ٣٠٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینى دیکەى دژ بە کۆرۆنا بەدەستبهێنێت.

ئاژانسى هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، یەکێتى ئەوروپا گرێبەستێکیان بە بڕى ٣٨٤ ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیاکانى 'سانۆفى' و 'جى ئێس کەى' بۆ دەستخستنى ئەو بڕە لە ڤاکسینەکە کردووە لە ساڵى داهاتوودا.

یەکێتى ئەوروپا دەشیەوێت لە دەرەوەى پڕۆگرامى بەرهەمهێنان و کڕین و دابەشکردنى ڤاکسینى کۆرۆناى سەر بە رێکخراوى تەندروستى جیهان ناسراو بە 'پرۆگرامى کۆڤاکس'، ئەو گرێیەستە بکەن کە رۆژى ١٨ى ئەم مانگە وادەى بەشداریکردن تێیدا کۆتایی هات و تائێستاش ٩٢ وڵاتى داهات نزم بەشداریان لەو پرۆگرامەى رێکخراوەکەدا کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرامبەر مافى دەستگەیشتن بە ڤاکسینەکە، کۆمسیۆنى ئەوروپا بەشێک لەو تێچووە پێشەکییەى بەرهەمهێنەرانى ڤاکسینەکە روبەڕوى دەبنەوە دەدات، بەڵام خودى ژەمە ڤاکسینەکان لەلایەن وڵاتانى ئەوروپاوە دەکڕدرێن

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر یەکێتى ئەوروپا گرێبەستێکى لەگەڵ کۆمپانیاى 'ئەسترازینکا' بۆ کڕینى ٤٠٠ ملیۆنى دیکە لە ڤاکسینى دژە کۆرۆنا کردووە، بەڵام سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزى راگەیاندووە، بەرپرسانى یەکێتییەکە باسیان لەوەکردووە، بڕی ئەو ڤاکسینەى ساڵى داهاتوو لە جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت تەنها دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دەبێت، کە بە بەراورد بە ژمارەى دانیشتوانى جیهان بڕیکى کەمە.