سەردێڕ:

سەدر نامەیەکی توندی ئاڕاستەی ناتانیاهۆ کرد

فۆتۆ: 
2020-09-18

10420 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر نامەیەکی توندی ئاڕاستەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل کرد و رایگەیاند، ئەگەر ناتانیاهۆ بیر لەکردنەوەی باڵیۆزخانە لە عێراق بکاتەوە ئەوا واتای کۆتایهێنانە بە ئیسرائیل.

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە وتاری هەینیدا رایگەیاند، "لە بەندەی خواوە موقتەدا سەدر بۆ دوژمنی خوا بنیامین ناتانیاهۆ، ئاگاداری هەنگاونان بە بەرەو عێراق، وڵاتی پێشەوا و ئیمامی پارێزراوان، وریای ئەوە بە ئەگەر بیر لەکردنەوەی باڵیۆێزخانەیەک بکەیتەوە لە عێراق، ئەوا بە گوێرەی چەند دەقێکی قورئان کۆتایتان پێدەهێنرێت."

پاشان موقتەدا سەدر چەند ئایەتێکی قورئانی هێناوەتەوە دژ بە گەلی جولەکە.

لەبارەی ئەو وڵاتانەشی لەگەڵ ئیسرائیلدا رێککەوتوون ئەوەی خستەڕوو، "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل سەرشۆڕییە، باش بزانن شەهیدانی شۆڕشی بەرد لەبیر ناکەن، فەڵەستین لە ویژدانیان زیندووە."

ئەو قسانەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە بە بەشداری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا، هەرسێ وڵاتی ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان و ئاڵۆگۆڕی و بازرگانی و گەشتیاری و کاری پێکەوەیی.