سەردێڕ:

تورکیا راگەیەنراوێکی لەسەر مەزڵوم کۆبانی بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-09-18

83826 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکيا ڕايگەياند، نيگەرانن لەبارەی کۆبوونەوەی مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە يەکگرتووەکان.

وەزارەتی دەرەوەی تورکيا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ڤێرجينا گامبا نوێنەری تايبەتی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێ چەکدارييەکان، لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوريای ديموکرات کۆبووەتەوە و ئەوەش، جێگەی نيگەرانی تورکیایە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکيا راشيگەياندووە، ئەم هەڵسوکەوتە لادانە لە بنەماکانی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تيرۆر، داواشی لە نەتەوە يەکگرتووەکان کرد، دەستبەجێ هەنگاوی پێويست بگرنەبەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە.

باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی ٣٠ ساڵ شەڕکردنيان لە دژی پەکەکە، ئەمريکا و نەتەوە يەکگرتووەکان بەرپرسيارن لە گيانلەدەستدانی ٤٠ هەزار کەس.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەگەڵ ئەوەی تورکیا مەزڵوم کۆبانی و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە تیرۆریست ناودەبات، بەڵام ئەمریکا و بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەڕمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و گوێ بە نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتە نادەن.