سەردێڕ:

مەزڵوم کۆبانی: راپۆرتی نێودەوڵەتی بەشێکی کەمە لە تاوانی جەنگی تورکيا دژی رۆژئاوا

فۆتۆ: 
2020-09-18

3138 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕايگەياند، راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، بەشێکی کەمە لە تاوانی جەنگیی کە لەلايەن گروپە چەکدارەکانی تورکياوە لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا ئەنجامدراوە.

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕاشيگەياند، پێويستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسيارێتی هەڵبگرێت سەبارەت بە تاوانی جەنگیی لە عەفرين و سەرێ کانی و گرێ سپی و هەنگاوی جدی بنێت لە دژی ئەو تاوانانە، باسی لەوەشکرد، دەستيان بە لێکۆڵينەوە کردووە سەبارەت بەو کەيسانەی هێزەکانيان تۆمەتبار دەکەن.

وتيشی، ئەوەی لە ئێستادا جێگەی نيگەرانی هێزەکانی سوريای ديموکراتە، گرفتی كەمپی هۆلە، كە خێزان و منداڵی چەكدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرە. دەشڵێت، ئەو بابەتە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی هەيە.

مەزڵوم کۆبانی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا زۆرێک لەو ٨٤ وڵاتەی هاوڵاتيیان لە کەمپەکەدايە ڕەتيانکردووەتەوە بەندکراوەکانيان وەربگرنەوە، ئەوەش لەکاتێکدايە ڕێکخراوە نێودەوڵەتييەکان هاوکارييە مرۆييەکانيان بۆ ناوچەکە کەمکردووەتەوە.